خەبات و كۆڵنەدان بۆ گەیشتن بە ئامانجەگەورەكە..
July 14, 2019
وتار و بیروڕا
ئەو وڵاتە داگیركەرانەی كە واكوردستانیان داگیر كردووە و كوردیان كردۆتە ژێردەستەی خۆیان، بە چاوی مرۆڤێكی هاوكوفی خۆیان سەیری كورد ناكەن، لە ناو هزری ئەواندا واتا عەرەب، فارس ، تورك كورد و هەموو نەتەوەكانی تری ژێر دەستیان بە كۆیلە دەزانن و گەرەكیانە هەر بە كۆیلەش بمێنن، ئەوان دەیانەوێ سەركردایەتی جیهانی ئیسلامی بكەن و ژێردەستەكانیش دەست لە سەر سینگ بن و هەرگیز بیر لەوە نەكەنەوە كە ئازادی داوا بكەن، پەیوەندی نێوان كورد و ئەو نەتەوانە پەیوەندیەكی یەكسان نیە پەیوەندی داگیركار ژێر دەستەیە. تاكە رێگای بەردەمی كورد شۆڕشی بەردەوامە لە پێناو ئازادی و هەول بدات خۆی بە هێز بكات و سوپایەكی نیشتمانی یەكگرتوو دروستبكات، خەیاَل پڵاوییە كە بتوانین ئەو عەقڵییەتە بگۆڕین كە حوكمی بەغدا و تاران و ئەنقەرە و دیمەشق دەكات، كە هەموویان هاوبەشن لە دژایەتی كردنی كورد و دۆزە رەواكەی، چوونەوە بەغدا هیچ كێشەیەكی كورد چارەسەر ناكات، ئەوەی كێشەی كورد چارەسەر دەكات یەكگرتوویی كورد و هێزەكەیەتی، چونكە هەركاتێك عێراق هێزی هەبێت پەلامارمان دەدات، رووداوەكانی دوای 16ی ئۆكتۆبەری دەرخەری ئەم راستییەن، با هەموومان پێكەوە پشتگیری لە مافەكانمان بكەین و یەكریز بین تاكو بتوانین سەربەخۆیی بەدەست بێنین و ئێمەش وەكو هەموو گەلانی جیهان بگەین بە مافەكانمان ، چونكە ئەوەی روودەدات هەموومان لێی بەرپرسین هەر یەكە لە ئێمە پشكێكی لە سەركەوتن و شكستدا هەیە ، كاری ئازادیخوازەكانە داوای یەكریزی و تەبایی كردن ، لای هەمووان ئاشكرایە كورد یەكریز نەبێت بەرگەی شەماڵێك ناگرێ ، چاندنی رق و كینە و شكاندنی یەكتر جیاوازی نییە لەگەڵ خواستی دووژمنان بو ئەوەی سەركەوتو بن لە داگیركردن و وێرانكردنی نیشتیمانەكەمان ، گەرەكە ئێمە بپرسین كە ئاخۆ كەی هەوڵی جددی بۆ چارەسەر كردنی ئەم كێشانە ئەدەین ئەگەر ئەم دەردە خۆ خۆریە نەبوایە بەڕای من هەر لە سەرەتاوە سەربەخۆ ئەبووین ، با ئیتر بەس بێت ئەم هەموو رق و كینەیە بەرامبەر بە یەكتر بائیتر هەموومان یەكتر قبوڵ بكەین و یەك دڵ بین ، با هیچ كات ئەو شەهیدانە لە یاد نەكەین كە خوێنی خۆیان رشت و خۆیان كردە فیدای ئەم گەلە بو ئەوەی بگات بە ئامانج و سەربەخۆیی كوردستان ، كە ئەم هەموو تاڵانكردن و وێرانكاریەی شارەكانی وڵاتم ئەبینم بیر ئەكەمەوە ئەڵێم چۆن یەكرێز نەبین ؟! چۆن هەموومان پێكەوە ئامانجمان بڵاوكردنەوەی ئاشتی نەبێت ، لەم باردۆخەدا پێویستە هەر تاكێك لە ئێمەی كورد بیر لە ژیان و چاكەی گشتی كوردستان بكەینەوە بەبێ بەرژەوەندی تایبەت ، تا مێژووە تاریكەكەی چەندەها ساڵەی كورد لە ژێر دەستی بسڕینەوە ، وا ئەركە لەم ساتە هەستیارەدا لایەنیگیری حیزبی وەلابنێین ، لە ئێستادا لە هەموو كات زیاتر پێویستیمان بە یەكرێزی و یەك دەنگی هەیە ، با واز لە چەواشەكردنی یەكتری بهێنین چونكە ئەوەی روویدا ڕۆیشت بوو بە رابردوو وەكو رووداوەكانی تری مێژوو بەڵام با ببێتە هەوێنێك بۆ ئاواتی سەربەخۆیمان ، چونكە ئیمرۆ گرنگە و پێویستیمان بە یەكرێزی هەیە بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كورد و لە پێناو گەیشتن بە كەنارٍی سەقامگیری و دڵنییاییی..

رێبوار حەمەلاو شوانی