سەقامگیری سیاسی
June 26, 2019
وتار و بیروڕا
لە پرسی سەروەری یاسادا، هەتا پێیانکرا دژی بوونی دەستوورێکی سەردەمیانەبوون بۆ هەرێمی کوردستان، سەرباری ئەوەی پرۆژەی دەستووری هەرێم بەشێکی گرنگی قۆناغە گرنگەکانی بە ڕێوشوێنی دیموراتیانە بڕیبوو، ئەوان ڕێگرییانکرد و چی ناشرینی و تۆمەت هەبوو بە دەستوورییانداکرد، سەرئەنجام لەبەر پاراستنی سەقامگیریی هەرێم و ڕێزگرتن لە بنەماکانی سازان و تەوافق پرۆژەی دەستوور ڕاگیرا، ئێستا کە بێدەستوورین دێن و باسی بایەخی بوونی دەستوورمان بۆ دەکەن؟! ئەوانی یاسا شکێن! تانە لە ئەزموونی حکومڕانی دەدەن بە بیانووی سەروەر نەبوونی یاسا.
کاتێک دۆخی گشتی و هەلومەرج خراپ بوو، داوای هەڵبژاردنی گشتیانە دەکرد، بەناوی دیموکراسی و مافی خەڵک و بایەخی دەنگی هاووڵاتیەوە، باسی گرنگی گەڕانەوە بۆ هەڵبژاردنی گشتی و مەحەکی سندوقی هەڵبژاردن و ڕێزگرنت لە دەنگی خەڵکیان دەکرد. کاتێک دۆخی گشتی سازگاربوو، زەمینەی هەڵبژاردن سازبوو، ئەوان لە هەڵبژاردن هەڵدەهاتن، هەزار و یەک بیانووییان دەهێنایەوە بۆ نەکردن و دواخستنی هەڵبژاردن.
دواجار هەڵبژاردنی گشتی ئەنجامدراو، هاووڵاتیانی کوردستان ئازادانە دەنگیان بە نوێنەری دڵخوای خۆیاندا، دەستەی سەرۆکایەتی پەڕلەمان هەڵبژێردراو، بە پێوەرەکانی کاری پەڕلەمانی پەڕلەمان بە ئەرکی خۆی هەڵدەستیت، واش چاوەروان دەکرێت خولی پێنجەمی پەڕلەمان چالاکترین خولی پەڕلەمانبێت، لە دەرکردنی یاسای نوێ و هەمواری یاسا کۆنەکان و ئامادەکردنی پرۆژەی دوستوورێکی هاوچەرخ، دووهەمین سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردراو، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جوڵە و چالاکیەکانی دەستپیکردوە، زۆرینەی چاودێرانی سیاسی و سەرکردەی لایەنەکان و خەڵکی کوردستان، ئومێدی گەورەیان بە سەرۆکی هەرێمی کورستان هەیە، دۆخی گشتی بەرەو سەقامگیری زیاتر ببات، چەن ڕۆژی داهاتووش کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان متمانە وەردەگرێت و بەمەش تەواوی سێ سەرۆکایەتیەکەی کوردستان نوێدەبێتەوە، بەشێکی گەورەی سەختی و دژواریەکانمان تێپەڕندوە، کاتی بەکردەنیکردنی بەڵێن و پەیمانەکانە.
ماوەتەوە بڵێین: لە قۆناغ و وێستگەکانی ڕابردوودا، گرژی سیاسیی هۆکاری بنەڕەتی بەشێکی گەورەی کێشە و قەیرانەکانبوون، سەقامگیری سیاسی بۆ چوارساڵی داهاتوو زامنی پێشکەوتن و ئارامی زیاتری هەرێمی کوردستانە، خەڵکی کوردستان بە گشتی چاوەڕوانی بەخشش و ئەفراندنی حکومڕانن لە خولقاندنی چوارساڵی جیاواز، لەچاکسازیی بێڕەحمانە لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکدا، لە بەگەڕخستنی دیدێکی جیاوازبۆ حکومڕانی و بوژانەوەی ئابوری و دروستکردنەوەی متمانەی جەماوەر.

سەربەست مەنمی