میللەتی كورد شایانی بە دەوڵەتبوون و لە دوایین قۆناغی گەیشتن بە سەربەخۆییە
August 6, 2017
وتار و بیروڕا
كورد وەك نەتەوەیەكی رٍەسەنی رۆژهەڵاتی ناوین لە سەرەتایی دەستپێكردنی خەبات و تێكۆشانی لە دژی داگیركەرانی كوردستان ، خۆراگر و سەختی زۆری چێشتووە و هیچ كات دوژمنان و داگیركەران ئامادە نەبوونە دان بە مافە رەواكانی دابنێن . ڕۆژگارێك هەبووە لەوەی ئێستە خراپتر بووە، هەمیشە گەلەكەمان ئومێدیان بۆ سەربەخۆیی لە دەست نەداوە و بوێریی نەخێر یان بۆ جیابوونەوە نەكردووە، ڕەنگە زۆرێكیان لەگەڵ حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكان بووبن، بەڵام وەك ئەوەی ئێستە و بەبەرچاوی هاووڵاتییان لە كەناڵەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دژایەتی خەباتی كوردی نەكراوە و داوای یەكپارچەیی عێراق نەكراوە، هەرچەندە بەڕای من و زۆربەی شارەزایان، ئەوانەی داوای یەكپارچەیی عێراق دەكەن، هەمیشە بەرژەوەندییە كەسییەكان دەبێتە هاندانیان بۆ ئەوەی هانی خەڵكی بدەن و بیانگەوجێنن، ئەگەر وا نییە، فەرموون واز بهێنن لە بەرژەوەندی كەسی و بێنەوە ناو گەل، ئەوكات چی دەڵێن هەمووان لەگەڵتانن. پاش دروستكردنی دەوڵەتی كوردستان، زۆر بەئاسانی دەتواندرێت ئەو ناكۆكی و جیاوازییانە لە ڕێی دانانی دەستوور و یاساوە چارەسەر بكرێت، بەیاسا سیستەمی سیاسیی كۆماری كوردستان دابڕێژرێت كە هەموو تاكێكی كوردستان بەهەموو نەتەوە و ئاینە جیاكانەوە ڕایان هەبێت تێیدا.چەندین وڵاتی دنیا پشتگیریی دەكەن، ناكرێت لەناوخۆ لە ژێر هیچ بیانوویەك دژایەتی بكرێت، چونكە لە ئێستەدا هەر دژایەتێكی ڕێفراندۆم دەچێتە خزمەتی وڵاتانی دژە سەربەخۆیی كە لە ئێستەدا ئێران و توركیا زۆر بەزەقی دژی وەستاونەتەوە، بەداخەوە كۆمەڵێك كەس بەناوی ڕۆشنبیر ئەجێنداكانیان جێبەجێی دەكەن.هەرچەندە بۆ ئێمە دڵنیاییە كە واز ناهێنن لە بەرژەوەندییەكانتان، هیوادارم هەمووان بگەنە ئەو فكرەیەی فریو دەدرێن نەك لە دڵسۆزی وخەمخۆرییانە، وەها خۆیان خەریكی گەوجاندن و خۆڵكردنە چاوی خەڵكن، هەمیشە بەناوی نیشتمان و بوونی گەندەڵی لە هەوڵی بەلاڕێدابردنی خەڵكدان كە تا ڕادەیەك ئەم كارەیان سەركەوتوو بووە، بەڵام دڵنیاتان دەكەمەوە هەمیشە ئەوانە دۆڕاو بوون كە كەمینە بوون و ویستوویانە سەربكەون بەسەر زۆرینەدا، هیوادارم هەمووان لەوە بگەن كوردبوون و سەربەخۆبوون ئەو شانازییە و بەهەموو كەسێك نابەخشرێت.

رێبوار حەمەلاو شوانی