ئەبووعۆمەر ھۆڵەندی کوژرا!( سایکۆلۆژیای ئایینی و تیرۆر)

ئەبووعۆمەر ھۆڵەندی کوژرا!( سایکۆلۆژیای ئایینی و تیرۆر)
ھەواڵی کوژرانی تایل بیل مۆنتێ، بەرپرسی چەکدارە بیابانیەکانی داعش لە مووسڵ و زۆریتری ھاوشێوە جەرگی مرۆڤایەتی دەھەژێنن. ساڵانیکی زۆر ڕیکلامەکانی پارتە سیاسیەکانی ئیسلامی ناوچە و جیھان بە شانازییەوە ڕۆژانە ئاماری ئەو کەسانەیان بڵاو دەکردەوە کە لە ئەورۆپا و جیھانی مەسیحیەت دەبوون بە مۆسڵمان. بەڵام جەنگەکانی جیھان و شارستانیەت لە چەرخی بیستەم و دواتریش و بەتایبەت ئەوانەی کە بەرامبەر بە ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی وەک ئەلقاعیدە و داعش کران نیشانیان دا کە زۆرینەی ئەو کەسانەی لەو دوو جەنگە خوێناوییە ڕۆڵێکی دیار و بەرچاویان ھەبوو ھەر ھەمان ئەو بەناو مۆسڵمانبووەکانی ئەورۆپی بوون. جگە لەو حەز و ئارەزوویە بێوێنەیەی کە مرۆڤی ئەورۆپی و لە ژێر کاریگەری ھەندێ فاکتەری ژینگەیی و کەش و ھەوا و کۆمەڵایەتی و ئابووری بۆ خۆکۆژی ھەیەتی، بەڵام نازانین کە چی پاڵی بە مۆنتێی ھۆڵەندی ناوە بێتن و ڕێگەی خۆکۆشتنێکی مسۆگەر ھەڵبژێرێ و لە جەنگێک کە کەس و خۆیشی نازانێ دەبێ بەرامبەر و دووژمنەکەی کێ بن، دەست و پەنجە لەگەڵ مردن نەرم بکاتن. بیگۆمان ئایینی پیرۆزی ئیسلامی ئاشتیخوازانە ئەو فاکتەرە نیە، بەڵکۆ ئەو فاکتەرە شتێک نیە جگە لەو پەروەردە ھەڵەیەی، کە بەرھەمی ھزری چەوتی ھەندێ کەسی دەمارگیرە لە نێو جیھانی ئەمرۆکەماندا، کە جگە لەوەی کە دوورە لە ئیسلامی ڕاستەقینە، بەو ناوە پیرۆزە بیروباوەری خەڵکیش بەرامبەر بەو ئایینە کە لە بنەڕەتدا وەک سەرچاوەی ئارامی و ئاسایشی مرۆڤەکان دابەزیوە، و کەسانی وەک مۆنتێی ھۆڵەندی و زۆر کەسیتریش نەچاری ئەوە بکەن لە جیاتی زانینی ڕووی ڕاستەقینەی ئایینی ئیسلام تەنھا فێری کوشتن و بڕین و تاڵانکردن و چەوساندن و وێرانکردن و دواتریش مردنێکی لەو شێوەیە لەسەردەشتی قارەمانانی وەک پێشمەرگەی کوردستان بن. بە ڕاستی مخابن!! ئەو مۆنتێی ھۆڵەندییە و دەھان کەسیتری وەک ئەو ناوی دوو عۆمەری ھەلبژاردووە و لە خۆیان ناوە، کە لە دیرۆکی ئیسلام و مرۆڤایەتی دا نموونەی ڕەوشتی بەرزی مرۆڤایەتین و جیگەی شانازیی ھەمیشەیی جیھانن، عۆمەری کۆڕی خەتاب و عۆمەری کۆڕی عەبدۆلعەزیزی ئەمەوی، و ھەر دوویان لووتکەی دادپەروەرین. وەک عەبدۆڕەحمان سدیق، بیرمەندی کوردستان، دەڵێتن ئەوەی داعش دەکاتن لە فقھی ئیسلامی دا ھەیە، ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە شانازیی مۆسڵمانان دەبێ نەک تەنھا زیادکردنی مۆسڵمانان بە ژمارە بێ، بەڵکۆ دەبێ گۆڕینی ئەو سەرچاوانە بێ کە دەبن بە ھۆی بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە ڕەفتارە نەشرین و تووندوتیژ و دەمارگیرانەی کە ئەو ھزرمەندە باسی لێوە دەکاتن، تاوەکو چیتر کەسانی وەکی مۆنتێی ھۆڵەندی و ھزاران مۆسڵمانبوویتر و جیھانیش نەبن بە قۆچی قوربانیی ( کبش الفداء) ھەلپەرەست و بازرگانانی ئایین و دەمارگیرە نامۆسڵمانانی بەناو مۆسڵمانێ دۆگماتی و ھشکباوەر و تیرۆریست، و تاوەکو ئیسلام وەک ڕۆژانی یەکەم ببێ بە سەرچاوەی بەختەوەری و ئازادیی مرۆڤەکان لە کۆێڵایەتی، نەک ناوی بزڕێ و شێوازێکی تری کۆێلایەتی بڵاو ببێ. چونکە قۆچی قۆربانی یەکێکە لە بابەتەکانی کە پسپۆرانی دەوونناسیی پەروەردەیی لە جیھان و کوردستان بە بەرھەمی پەروەردەیەکی نادروست دەزانن و بە بەشێک لەو ئاقارە دەزانن کە مرۆڤ لە ئاییندە دا تووشی ئێش و ئازار و بەڵکۆ نەخۆشی سەختی دەروونی دەکەن. ژێدەر: ١- ـــــــ( ٢٠١٧ ). مانشێتە بەپەلەکانی ھەواڵ تەلەفزیۆنی( K٢٤)،لە ( ١٣/١/٢٠١٧). ٢- عەبدۆڕەحمان سدیق (٢٠١٦ ). سایتی گۆڵان، http://gulan-media.com/sorani/details.php?section=٢&id=١٠٧٥ (٢٩/١١/٢٠٠٦ ھاتە دیتن).

*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆڵتی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top