رووبەڕووبوونەوەی ئیرهابی فیكری ئەركی سەرشانی هەموو حزبەكانی كوردستانە

رووبەڕووبوونەوەی ئیرهابی فیكری ئەركی سەرشانی هەموو حزبەكانی كوردستانە
هیچ سیاسەتمەدارێك وەك نەوشیروان مستەفا شارەزای كەسایەتی و شكۆی سەرۆك بارزانی نییە، دەشزانێت سەرۆك مسعود بارزانی بێجگە لە پێشمەرگایەتی و گەیشتن بەسەربەخۆیی كوردستان هیچ ئامانج و تموحێكی دیكەی نییە. نەوشیروان مستەفا لەنزیكەوە كاری لەگەڵ سەرۆك بارزانی كردووەو باش دەزانێت كە سەرۆك بارزانی نەك هەر دژی خۆسەپاندن و تاكڕەوی و خۆ سەپاندنە، بەڵكو نە خۆی بیر لەو شێوازو مامەڵەیە لەگەڵ بەرامبەرەكەی دەكاتەوە، نە لەهیچ لایەكیشی قبوڵ دەكات بە شێوازی تاكڕەوی و خۆسەپێنی مامەڵە بكات.
نەوشیروان مستەفا زۆر باش دەزانێت، سەرۆك مسعود بارزانی پەروەردەی بەر دەستی جەنابی بارزانی-ی نەمرە، ئەوەش دەزانێت بارزانی-ی نەمر بەوجۆرە پەروەردەی كردووە كە هەتا ژیانی ماوە پێشمەرگە بێت، نەك سەرۆك، ئێستاش پەروەردەی سەرۆك بارزانی-مان بۆ كوڕەكانی خۆی بینیوە، كە ئەویش بە هاوشێوەی مستەفا بارزانی، كوڕەكانی بۆ پێشمەرگایەتی پەروەردە كردووە، نەك بۆ ئەوەی ببنە سەرۆك، ئەمەش مانای ئەوەیە مسعود بارزانی سەرۆكی حزب بێت، یان سەرۆكی كوردستان، ئەو هەر پێشمەرگەیەو هەر بە پێشمەرگایەتی دەمێنێتەوەو خزمەتكاری بۆ میللەتەكەی خۆی بە گەورەترین شانازی دەزانێت.
هەروەها نەوشیروان مستەفا زۆر باش دەزانێت، مسعود بارزانی لەپێناوی یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان و تەبایی حزبەكان ئامادەیە هەموو قوربانییەك بدات و واز لەهەموو دەستكەوت و بەرژەوەندییەكی پارتی دیموكراتی كوردستان بهێنێت، ئەو دەزانێت لەساڵی 1987 دوای ئەو هەموو شەڕی ناوخۆی شاخ و ئەو هەموو غەدرەی لەپارتی و حزبەكانی دیكەش كرا، سەرۆك بارزانی نەك هەر لاپەڕەی سپی لەگەڵ یەكێتی و نەوشیروان مستەفا هەڵدایەوە، بەڵكو هەموو هەوڵی خۆیشی خستەگەڕ بۆ ئەوەی ئەو لایەنانەشی راستەوخۆ بەدەستی نەوشیروان مستەفا غەدریان لێكرابوو، وەك ئەوەی لە قرناقەو پشت ئاشان بەرامبەر حزبی شیوعی كردیان، ئەوانیش لاپەڕەی سپی هەڵبدەنەوە و بەرەی كوردستانی دابمەزرێت، هەروەها نەوشیروان مستەفا زۆر باش دەزانێت، سەرۆك بارزانی ئامادەیە واز لەمافی هەڵبژاردنی خۆی و پارتیش بهێنێت، بۆ ئەوەی یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی ماڵی كوردستان و پێوەندیی نێوان حزبەكانی كوردستان بپارێزێت.
لەمێژووی پەنجا ساڵی رابردووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا، زۆر سیاسەتمەدار سەردەمانێك رەخنەیان لە جەنابی بارزانی-ی نەمر و سەرۆك مسعود بارزانی گرتووە، بەڵام پاش ماوەیەك كە گوێیان بۆ وێژدانی كوردایەتی گرتووە، بەخۆیاندا چوونەوە و خۆزگەیان خواستووە ئەو حاڵەتانە هەر روویان نەدایە، بە درێژایی ئەم مێژووە هەموو ئەو خەڵكە سیاسییانەی هەڵەیان بەرامبەر بارزانی-ی نەمر و سەرۆك مسعود بارزانی كردووە، بێجگە لە نەوشیروان مستەفا هەموویان بەخۆیاندا چوونەوەو كۆتاییان بە رق و كینە و دووبەرەكی و لێكترازانی نێوماڵی كوردستان هێناوە، بەڵام تەنیا كەسێك كە ناتوانێت بە خۆیدا بچێتەوە و لەسەر ئیرهابی فیكری و بەرهەمهێنانی جنێو و قسەی سووك و ناشیرین بە هێماكانی ئەم وڵاتە بەردەوامە، نەوشیروان مستەفایە كە بزووتنەوەی گۆڕانیشی هەر لەسەر بنەمای ئیرهابی فیكری و بەرهەمهێنانی جنێودان و قسەی سووك و ناشیرین بە هێماكانی ئەم وڵاتە دامەزراندووە.
بەڕێز مسعود بارزانی لەپەیامەكەیدا كە ئاماژە بە زۆڵم و غەدری زەعیم سەدیق و تەحەددای كوردانەی خەڵكی شاری سلێمانی دەكات، ئەمە تەنیا ئاماژەیەك نییە بۆ ئەو دەیان كەسەی كە ئامادەبوون لەناو حامیەی سلێمانی كۆن (پاركی ئازادی ئێستا) زیندەبەچاڵ بكرێن، بەڵام جنێو بە شۆڕش و رێبەری شۆڕشی كوردستان نەدەن، بەڵكو ئەمە ئاماژەیە بۆ رەگ و ریشەی فیكری كوردایەتی لەم شارە سەربەرزەدا كە لە ساڵی 1930 تەنیا شاری كوردستان بوو، تەحەددای ئەوەی كرد، نابێت كوردستان بەشێك بێت لە عێراق و لەشەڕی بەردەركی سەرای سلێمانیدا، شەهید عەولە سیس بەخوێنی خۆی دروشمی (كوردستان، یان نەمان)ی نووسییەوە. ئەو وەسفەی سەرۆك بارزانی بۆ شاری سلێمانی، ئاماژەیە بۆ تێكەڵبوونی فیكری شۆڕشگێڕی نەتەوەیی بارزانی-ی نەمر لەگەڵ ژینگەی كوردایەتی و بیری نەتەوەیی ئەم شارەدا، كە لەچلەكانی سەدەی رابردوو جەنابی بارزانی-ی نەمر، لەسلێمانییەوە بڕیاری شۆڕشی سەرتاسەری كوردستانی داو گەڕایەوە بۆ بارزان و شۆڕشی دووەمی بارزانی راگەیاند.

پەیامەكەی بارزانی بۆ شاری سلێمانی ئەو پرسیارە لای خەڵكی سلێمانی دەورووژێنێت بەوەی ئایا دەبێت ئەو ئیرهابە فیكرییە چی بێت كە دەیەوێت مێژووی شۆڕشگێری و بیری نەتەوەیی ئەم شارە شۆڕشگێڕەی كوردستان پێچەوانە بكاتەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بەچەند خاڵێك دەدەینەوە:
1. لە بیستەكانی سەدەی رابردوو شێخ مەحمودی حەفید وەك رەنگدانەوەیەك بۆ رەگداكوتانی بیری نەتەوەیی لە شاری سلێمانی، ئەوەی گوتووە: «ئەگەر عەرەب خۆی لەكورد بەگەورەتر بزانێت و ئینكاری مافی كوردستان بكات، ئەوا من چەند نوێژم بە عەرەبی كردووە، هەموویان بەكوردی دەكەمەوە.» ئەمە مانای ئەوەیە ئەگەر عەرەب دەوڵەتی كوردستان بە شایستەی كورد نەزانێت، بەو زمانەش خواپەرستی ناكات، كە پەروەردگار فەرموویەتی. پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەگەر 100 ساڵ لەمەوپێش ئەمە رای پادشای كوردستان بووبێت بەرامبەر دەوڵەتی كوردستان، ئایا ئەمە چ ئیرهابێكی فیكرییە، ئێستا لەناو شارەكەی شێخ مەحمودی حەفیدو لە تەنیشت مەزاری كاك ئەحمەدی شێخ-ـەوە، خەڵكانێك هەبن بە ئاشكرا دژی دەوڵەتی كوردستان بن؟! ئایا ئەمە ئەو پرسیار نییە كە پەیامەكەی سەرۆك ئاراستەی خەڵكی سلێمانی دەكات، بۆ ئەوەی دژی ئیرهابی فیكری رابوەستنەوە؟

2. لەساڵی 1930 لەناو ئەو شارەی كە عەولە سیس-ی دژی لكاندنی كوردستان بە عێراقەوە تێدا شەهید كرا، ئێستاو دوای 86 ساڵ بەسەر ئەو خوێنەی لەبەردەركی سەرای سلێمانی رژا، لەهەمان شار، ئارامی شێخ محەمەد كە هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕانە لەو شارەوە بەدەنگی بەرز هاوار دەكات و داوا لەحكومەت و پەرلەمانی عێراق دەكات، لەگەڵ سلێمانی وەك پارێزگایەكی عێراقی مامەڵەبكات نەك كوردستانی! پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئەمە چ ئیرهابێكی فیكرییە ژینگەی كوردایەتی و بیری نەتەوەیی سییەكانی سەدەی رابردووی شەڕی بەردەركی سەرای سلێمانی گۆڕیوە، بۆ چەپڵەڕێزانی ژمارەیەك هەرزەكاری سیاسی كە داوادەكەن، سلێمانی بخرێتەوە سەر عێراق؟

3. ئەم پەیامەی سەرۆك هەندێك دێڕی شاراوەی دیكەی تێدایە كە خەڵكی نیشتمانپەروەری سلێمانی ئەو دێڕە شاراوانەش دەخوێننەوە، ئەو دێڕانەش ئەوەن، كە لەهەر چوار پارچەی كوردستاندا، سلێمانی تەنیا شارە كە بیری قێزەوەنی ناوچەگەری تێدا شین نەبووە، سلێمانی وەك كوردستانێكی بچووك لەسەردەستی سلێمان پاشای بابان دروستكراوە، شارێك هەموو هێماكانی كەڵەپیاوەكانی هەموو كوردستانن، هەر خانەوادەیەكی سلێمانی كە درەختی خانەوادەكەی دروست دەكات، بەشانازییەوە ئاماژە بۆ ئەو رەگ و ریشە كوردستانییە دەكات كە ئەم درەختە هەیەتی و لەسلێمانیدا گەشەی كردووە، پرسیاری پەیامەكەی سەرۆك ئەوەیە: ئایا دەبێت ئەو ئیرهابە فیكرییە چی بێت كە وای كردووە لەناو شاری سلێمانی (كوردستانە بچكۆلەكە) خەڵكانێك هەبن، شەرم لەمێژووی ئەم شارە جوانەی كوردستان نەكەن و بە ئاشكرا باسی ناوچەگەری و دووئیدارەو سێ ئیدارەیی و دابەشبوونی كوردستان بكەنەوە، یان باسی سۆرانی و بادینانی بكەن؟!
Top