ئەو بارودۆخە ئومێد بەخشەی ئێستا بۆ باشووری كوردستان هاتۆتە پێشەوە، لە ناو هەناوی مەترسی و شەڕێكی گەورەی جیهانی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە دایك بووە

ئەو بارودۆخە ئومێد بەخشەی ئێستا بۆ باشووری كوردستان هاتۆتە پێشەوە، لە ناو هەناوی مەترسی و شەڕێكی گەورەی جیهانی دژ بە تیرۆریستانی  داعش لە دایك بووە
رووداوێكی دیكە كە راستەوخۆ دوای گەڕانەوەی بارزانی لە پاریس هاتەئاراوە، پرسی سەردانی ئەنتونی بیلكن جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بووە. سەردانی بیلكن بۆ بەغدا و هەولێر و كۆبوونەوەی تایبەتی و جیای لەگەڵ سەرۆك بارزانی و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمە مانای ئەوەیە ئەمریكا لە ئێستادا لەسەر وردەكاری زۆر وردی دروستكردنی بڕیارێكی سیاسی سەبارەت بە پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ و بەڕێوەبردنی موسڵ لە دوای داعش لەگەڵ هەولێر و بەغدا بەجیا قسە دەكات و ئەوە پیشاندەدات ئێستا لە سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق، هەولێر و بەغدا هاوتای یەكن. ئەم خوێندنەوەیە لەوە سەرچاوەی گرتووە كە پۆستی جێگری وەزیری دەرەوە و بەرگری لە ئیدارەی ئەمریكیدا هێندەی پۆستێكی پیشەییە، هێندە پۆستێكی سیاسی نییە، ئەمەش مانای ئەوەیە كاتێك جێگری وەزیری دەرەوە، یان بەرگری ئەمریكا دێنە ناو پرۆسەیەكەوە، مانای ئەوەیە پرۆسەی بڕیارێكی سیاسیی گرنگ بەدەستەوەیەو لە ئایندەدا ئەو بڕیارە سیاسییە جێبەجێ دەكرێت، بۆیە كاتێك كە شاندی ئەمریكی بە سەرۆكایەتی ئەنتونی بیلكن جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و بریت ماكگۆرك نوینەری تایبەتی سەرۆك ئۆباما بۆ عێراق و جۆزیف هاریس بەڕێوەبەری ئاسایشی نەتەوەیی بۆ كاروباری عێراق و جۆزیف بیننگتۆن بریكاری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نزیك پێكەوە لەگەڵ سەرۆكی كوردستان كۆدەبنەوە، ئەمە مانای ئەوەیە ئەم كۆبوونەوەیە بۆ باسكردنی بڕیارێكی سەربازی نییە بۆ گرتنەوەی موسڵ، بەڵكو هاوكات پرۆسەی دروستكردنی بڕیارێكی سیاسیش لە ئارادایە و لەو بڕیارە سیاسییەشدا تێڕوانینی كوردستان شوێن و جێگەی تایبەتی خۆی هەیە.

لە سیاسەتی ئێستای ئیدارەی ئەمریكا و لەو پلانە ستراتیژیەشی كە ماوەی ساڵێكە خەریكن بۆ سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا سەبارەت بە عێراق و ناوچەكە ئامادەی دەكەن، پرسی سەرەكی دوای تێكشكاندنی داعش و گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ عێراق و ناوچەكە لە سەرووی ئەو نەخشە جێوسیاسییە دیراسەتی لەسەر دەكرێت كە 100 ساڵ پێش ئێستا سایكس پیكۆ كێشاویەتی، هەربۆیە ئەو واقیعە خەیاڵییەی سنوورەكانی سایكس پیكۆ لە ناوچەكە دروستی كردووە، هەموو لایەك گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی دەبێت ئەو واقیعە خەیاڵاوییە كۆتایی بێت و لەسەر ئەرزی واقیعی راستەقینە (پێش سنوورەكانی سایكس پیكۆ) جارێكی دیكە بەدوای چۆنیەتی هێنانەئارای سەقامگیری و تەناهی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگەڕێن، لەمەش زیاتر وەك لە ژمارەی پێشووی گوڵانیش هەڵوەستەمان لەسەركردبوو، لە سەرەتای ساڵی 2016وە لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی ئەمریكا كار لەسەر ئەوە دەكات، ئەو كێشانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا بە رێگەی بەدەستهێنانی سەروەری (واتە دروستبوونی دەوڵەتی تازە) چارەسەر دەكرێت، چۆن بتوانرێت میكانیزمێك بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی بە پێدانی سەروەری ئەو كێشانە چارەسەر بكرێت. دیارە لەسەر چۆنیەتی چارەسەكردنی یەكێك لەو كێشانەی بە رێگەی بەدەستهێنانی سەروەری چارەسەر دەكرێت، پرسی دەوڵەتی كوردستانە.

بێگومان ئەمە یەكەمجار نییە بۆ پرسی چارەسەركردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باس لە رێگەچارەی بەدەستهێنانی سەروەری، یان پێدانی سەروەری دەكرێت، پێشتر لە ساڵی 1993 و لە میانەی رێككەوتنی ئۆسلۆ، بنەمای دروستكردنی دوو دەوڵەت بۆ چارەسەكردنی كێشەی فەلەستین و ئیسرائیل تاقیكرایەوە، بەڵام لە چوارچێوەی رێككەوتنی ئۆسلۆ، پرۆسەی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری، قۆناخبەندكرابوو بە ئاستی پابەندبوونی ئەو دەوڵەتە بە یاسای نیودەوڵەتی و رێگرتن لە توندوتێژی و هەناردەكردنی توندوتیژی بۆ دەرەوەی سنوورەكانی خۆی، ئەوجا لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستین نەیتوانی لەو قۆناخبەندییەدا سەركەوتوو بێت و بزووتنەوەی حەماس هەڵبژاردنی بردەوە، ئەوا پرۆسەی دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستینیش لەباربرا.

بەڵام لە پرۆسەی سەربەخۆیی دەوڵەتی كوردستان بە رێبەرایەتی بارزانی، لەگەڵ ئەوەی رێككەوتنێكی نێودەوڵەتیش بوونی نییە بۆ ئەوەی كێشەی كوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی سەربەخۆدا چارەسەر بكرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی بارزانی پرۆسەكەی بە رێگەیەكی راستدا بردووە و لەناو هاوپەیمانی نیودەوڵەتی دژی داعشدا كوردستان وەك نەتەوەیەكی ئازادیخواز و هاوبەشی بەها مرۆڤایەتییەكان خۆی پیشانداوە، ئەوا كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر پێشوازی لە هەنگاوەكانی بارزانی بۆ سەربەخۆیی دەكات و جەختیش لەسەر ئەوە دەكرێتەوە كە دەبێت ئەم پرۆسەیە لەسەر دەستی بارزانی بگاتە دواقۆناخی تا ئەو كاتەی كوردستان دەبێتە خاوەنی دامەزراوەیی دەوڵەتی هەڵسووڕاوی ئەوتۆ كە مەترسیی ئەوەی لەسەر نەمێنێت بە هاوشێوەی فەلەستین رێكخراوێكی توندڕۆی هاوشێوەی حەماس دەربكەوێت و ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئومێدی لەسەر هەڵچنیوە، لەباری بەرێت.

ئەم بارودۆخە ئومێدبەخشەی ئێستا بۆ باشووری كوردستان هاتۆتە پێشەوە، لە ناو هەناوی مەترسی و شەڕێكی گەورەی جیهانی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە دایك بووە، ئەوەی رۆڵی سەرەكی لە وەرچەرخانی ئەو مەترسییە گەورەیەدا بۆ ئومێدێكی گەورە گێڕاوە، رۆڵی شەخسی سەرۆك مسعود بارزانی بووە، ئەم رۆڵەش تەنیا لەو سەرۆكە كاریزمایانەدا دەردەكەوێت كە لە ناو تاریكستانی قەیران و مەترسییەكانی نەتەوەدا، پەنجەرەیەكی ئومێد دەكەنەوە.
ئێستا جیهان بەگشتی و دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی تیرۆریستانی داعش بەو دەوڵەتانەشی هەتا دوێنی دژایەتی دەوڵەتی كوردستانیان دەكرد، دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان بە رێبەرایەتی بارزانی نەك هەر وەك مەترسی بۆ ئایندەی سیاسیی ناوچەكە دوای داعش سەیر ناكەن، بەڵكو بە شێوازیكی تازەی دادەنێن بۆ چۆنیەتی رێكخستنەوەی ناوچەكە دوای داعش، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا ئەو حزب و كەسانەی كە چاویان بە سەركەوتنی كوردستان بە رێبەرایەتی بارزانی هەڵنایەت، كاتێك هەوڵەكانی خۆیان چڕدەكەنەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان لەناو بەرن، ئەوا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بواریان نادات حەماسێكی دیكە لە كوردستان دروست بێت و هەمان ئەزموونی فاشیلی فەلەستین دووبارە ببێتەوە، بۆیە بە هەموو شێوەیەك پشتگیری بارزانی دەكەن بۆ ئەوەی رێبەرایەتی ئەم دەوڵەتە بخاتە سەرشانی خۆی، هەتا ئەوكاتەی مەترسیی سەرهەڵدانی حەماسێكی دیكە لە كوردستاندا نامێنێت.
Top