بەزمانی پێشوازیی پڕۆتۆكۆڵی لە بارزانی فەرەنسا پشتگیریی خۆی بۆ دەوڵەتی كوردستان راگەیاند

بەزمانی پێشوازیی پڕۆتۆكۆڵی لە بارزانی فەرەنسا پشتگیریی خۆی  بۆ دەوڵەتی كوردستان راگەیاند
لە دانیشتنێكی دۆستانەدا لەگەڵ پڕۆفیسۆر براندن ئۆلێری كە راوێژكاری دەستووری نێودەوڵەتی هەرێمی كوردستان بوو بۆ نووسینەوەی دەستووری عێراق، سەبارەت بە سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ ئەمریكا و كۆبوونەوەی لەگەڵ جۆرج دەبلیو بوش پرسیاری ئەوەمان لێكرد، ئایا بە رای تۆ دەبێت بەرنامەی سەرۆك لەم سەردانەیدا بۆ ئەمریكا چی بێت؟ ئایا بەرنامەیەكی ئەوتۆ رێكخراوە كە بۆ ئایندەی كوردستان رەنگدانەوەی هەبێت؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارانەدا پڕۆفیسۆر ئۆلێری پێی گوتین: سەرۆك بارزانی بۆ وێنەگرتن لەگەڵ جۆرج بوش سەردانی كۆشكی سپی ناكات و سەرۆك بوش-یش لەو ئاستە بەرزە بەبێ بوونی بەرنامەیەك پێشوازی لە بارزانی ناكات، بۆیە ئەم سەردانەی بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كۆشكی سپی و پێشوازی سەرۆكی ئەمریكا لەناو كۆشكی سپی لە بارزانی، ئەمە مانای ئەوەیە ئەگەر ئەمریكا بە ئاشكراش ئەوە بڵێت كە مامەڵەی كۆشكی سپی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەمریكادایە بەرامبەر عێراق، بەڵام ئەم سەردانە دەبێتە وەرچەرخانێك بۆ سەرەتای دروستبوونی سیاسەتێكی راستەوخۆ لە نێوان هەولێر و واشنتۆندا.
ئاماژە كردنمان بەم رووداوە كە پێش هەشت ساڵ لەسەردانی ئەمجارەی سەرۆك بارزانی بۆ فەرەنسا و پێشوازیكردنی لەلایەن سەرۆك فرانسۆ هۆلاندەوە بە هەمان ئاستی پڕۆتۆكۆڵی سەرۆكی رووسیا و ئەمریكا و توركیا، ئەوەمان پێدەڵێت ئەگەر پێشوازی جۆرج بوش لە ساڵی 2008 سەرەتای وەرچەرخانێك بووبێت بۆ دروستبوونی سەرەتای سیاسەتێكی راستەوخۆی واشنتۆن لەگەڵ هەولێر، ئەوا زمانی پێشوازیی پرۆتۆكۆڵی سەرۆك هۆلاند لەسەرۆك بارزانی راگەیاندنی سیاسەتی راستەوخۆی پاریسە بەرامبەر هەولێر و دانپێدانانی كۆشكی ئەلیزێیە بە شكۆی دەوڵەتی كوردستاندا.

ئەوانەی لە زمانی پرۆتۆكۆڵی تێدەگەن، هەست بەو راستییە دەكەن، فەرەنسا كە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە و خاوەنی ڤیتۆیە و دەتوانێت بۆ پشتگیری و دژی هەر بڕیارێكی جیهانی بەكاری بهێنێت، هەروا بەسادەیی و بەبێ رەچاوكردنی پرانسیپە نێودەوڵەتییەكان، بە زمانی پرۆتۆكۆڵی بە هەموو جیهان ناڵێت سەرۆكی كوردستان هاوتای سەرۆكی توركیا و رووسیا و ئەمریكایە لە تێڕوانینی فەرەنسادا. بۆیە لەگەڵ ئەوەی ئەمە یەكەمین سەردانی سەرۆك بارزانی نییە بۆ فەرەنسا و پێشوازیكردنی لەلایەن سەرۆكی فەرەنساوە، بەڵام لەسەردانی ئەمجارەیدا، زمانی پێشوازیی پرۆتۆكۆڵی كۆشكی ئەلیزێ، پشتگیری فەرەنسای بۆ دەوڵەتی كوردستان پێی راگەیاندین.

سەرۆك بارزانی لە نیسانی 2015 پرسی سەربەخۆیی كوردستانی بردە كۆشكی سپی، ئەمەش یەكەمین جار بوو لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا سەرۆكێك بەناوی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەو ئاستە بەرزە لە كۆشكی سپی پێشوازی لێبكرێت و سەبارەت بە سەربەخۆیی كوردستان گوێی بۆ رابگیرێت و، ئیدارەی ئەمریكی دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان نەكات و تەنیا پێشنیاری ئەوەی هەبووە خۆتان باشتر ئامادەبكەن و كاتێكی گونجاو هەڵبژێرن، ئەم زمانەی ئەمریكاش كە لەگەڵ سەرۆك بارزانی قسەی پێكرابوو، دیسان پیشاندانی تیشكێكی سەوز بوو بۆ جیهان بۆ ئەوەی پێشوازی لە دەوڵەتێكی تازە بكەن كە ئەویش دەوڵەتی كوردستانە.
سەرۆك بارزانی دوای گەڕانەوەی لەسەردانە سەركەوتووەكەی بۆ كۆشكی سپی، لەگەڵ حزبە سیاسییەكانی كوردستان كۆبووەوە بۆ ئەوەی هەموو حزبەكان ژوورێكی عەمەلیات بۆ خۆئامادەكردن بۆ سەرخستنی پرۆسەی سەربەخۆیی دروست بكەن، بەڵام بەداخەوە هەندێك لەو حزبانە لەبری ئەوەی هەموو هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان سەركەوتوو بێت، هەموو هەوڵی خۆیان خستەگەڕ بۆ ئەوەی رێبەری پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان دوورخەنەوە و پرۆسەكە شكست پێبهێنن. بەڵام سیاسەتی لۆژیكانەی بارزانی نەك رێگەی نەدا سەقامگیری كوردستان بشێوێندرێت، لە هەمانكاتدا سەرخستنی پرۆسەی سەربەخۆییشی زیاتر لە لوتكە نزیك كردەوە.

ئەم وەرچەرخانە گەورەیە لە دژایەتینەكردنی ئەمریكا بۆ دەوڵەتی كوردستان و پێشوازیی فەرەنسا لە سەرۆك بارزانی بە ئاستی پرۆتۆكۆڵی سەرۆك دەوڵەت، كە لەماوەی تەنیا ساڵێك و چەند مانگێكدا روویداوە، مانایەكی دیكەی لێدەخوێندرێتەوە، ئەو مانایەش ئەوەیە كاتی ئەوە هاتووە لەسەر ئاستی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پرسی دەوڵەتی كوردستان قسەو باسی لەسەر بكرێت و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی راشكاوانە هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەم پرسە رابگەیەنێت. دیارە ئەو پرسە گرنگانەشی كە دەبنە كارنامەی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێویستی بەوە هەیە كە ئەندامێكی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش دەستنیشانی بكات، لەم راستەدا كە فەرەنسا دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان بە فاكتەرێكی گرنگی یەكلاكردنەوەی شەڕ و تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش بزانێت، ئەوا گومانی تێدا نییە ئەو نەخشەڕێگە سیاسییەی هاوشانی ستراتیژیەتی سەربازی بۆ تێكشكاندنی داعش داوای دەكرێت، دەوڵەتی كوردستان بەشێكی گرنگی ئەو نەخشە سیاسییەی دوای تێكشكاندن و لەناوبردنی داعش دەبێت.
ئەنجومەنی ئاشایش بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی سەربازی بۆ تێكشكاندنی داعش، لەسەر داوای فەرەنسا بڕیارێكی نیودەوڵەتی بۆ هاوپەیمانییە سەربازییەكە دەركرد، لە ئێستاشدا كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەموو هەوڵی خۆی چڕكردۆتەوە بۆ ئەوەی داعش لە موسڵ و رەقە كۆتایی پێبهێنێت، ئەمەش مانای ئەوەیە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دوای داعش ئەنجومەنی ئاسایش بۆ بڕیاردان لەسەر نەخشەڕێگەی سیاسی بۆ ناوچەكە لەدوای داعش دەبێت جارێكی دیكە كۆببێتەوە و بڕیاری خۆی لەو بارەیەوە بدات.
ئاستەنگی سەرەكی لەبەردەم پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستاندا لە دیدی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، رەزامەندیی (بەغدا و ئەنكەرا)یە بەم پرۆسەیە، بۆیە لە ئێستادا كە توركیا خۆی ئامادەیە لەناو كۆشكی كۆماری بە ئاڵای كوردستان پێشوازی لە بارزانی بكات و بەغداش بەرژەوەندی خۆی لەوەدا ببینێتەوە كە كوردستان سەربەخۆ بێت و لە عێراق جیاببێتەوە، بەڵام لەسەر ئەو ناوچانەی بەغدا بە ناوچەی جێناكۆكیان دەزانێت و كوردستان بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم ناویان دەبات، نێوبژیوانی دروست بووە بۆ ئەوەی هەولێر و بەغدا ئەو كێشانەش بە دیالۆگ چارەسەر بكەن، ئەوا كاتێك بەغدا ئامادەبێت گوێ لەپرسی سەربەخۆیی كوردستان بگرێت، ئەمە مانای ئەوەیە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كێشەیەكی ئەوتۆی لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستان نابێت.
Top