لە برۆكسلەوە داعش چ پەیامێكی بە ئەوروپا راگەیاند؟
March 28, 2016
راپۆرتەکان
كەواتە ئەو كارە تیرۆریستانەی داعش لە ئەوروپا ئەنجامیان دەدات، لەو كارە تیرۆریستیانە دەچێت كە لە سەدەی رابردوو دەوڵەتانی وەك عێراق و سووریا و لیبیا و تەنانەت یەكێتی سۆڤیەتی پێشانیش راستەوخۆ لە پشتەوە سپۆنسەری كارە تیرۆریستییەكانیان دەكرد، كە دیارە دیارترینی ئەو كارانەی سەدەی رابردوو وەك تەقاندنەوەی فڕۆكەی لۆكەربی و هێرشی رێكخراوی رزگاریخوازی فەلەستین بۆ سەر ئۆڵۆمپیادی میونیخ لە حەفتاكان و هەشتاكانی سەدەی رابردوو ئەنجامیان دا. بۆیە شێوازی ئەو كارە تیرۆریستییانەی دەوڵەت سپۆنسەریان بووە، كاری زۆر ترسناك و گەورە بوون.
هەر بۆیە كاتێك سەیری شێوازی كارە تیرۆریستیەكانی پاریس و تەقینەوەكانی هەفتەی رابردووی برۆكسل دەكەین، زۆربەی چاودێران لەو بڕوایەدان كە ئەو كارە تیرۆریستییانەی داعش ئەنجامی دەدات، جێگەی سەرسوڕمان نین، ئەمەش لەبەر ئەوەیە داعش تەنیا ریكخراوێكی تیرۆریستی نییە، بەڵكو دەوڵەتێكی تیرۆریستییە و ئێستا لە سووریا و عێراق خاكێكی زۆری لەبەردەستە و سوودێكی زۆری لە ئەفسەرانی پێشووی رژێمی سەدام حوسێن وەرگرتووە و توانیویەتی لەسەر ئەرز سوپایەك دروست بكات كە توانای ئەوەی هەبێت وەك سوپای دەوڵەتێك شەڕ بكات، لەمەش زیاتر چەندین هۆكار بوونە فاكتەری چالاككردن و هاندان بۆ كارە تیرۆریستییەكان، ئەویش ئەوەیە داعش توانیویەتی لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە هەڵمەتێكی پڕوپاگەندەی چڕ پیادە بكات، لەم رێگەیەشەوە توانیویەتی هەم چەكداری زیاتر و هەم سەرچاوەی داهاتی زیاتر پەیدا بكات.
بۆیە لەم راستەوە ئەگەر شێوازی تیرۆری داعش وەك ئەو كارە تیرۆریستییانە لە قەڵەم بدرێت كە دەوڵەتێك لەپشتەوە سپۆنسەری دەكات، پرسیار ئەوەیە: ئایا ئەوروپا و دەوڵەتانی دیكەی هاوپەیمانی دژە تیرۆر وەڵامی ئەم مەترسییە گەورەیە دەدەنەوە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دیارە بەشی زۆری ئەو پسپۆڕانەی لە بواری دژەتیرۆر بەگشتی و دژەداعش بەتایبەتی توێژینەوە دەكەن، خاڵی سەرەكیی وەڵامدانەوە دەبەنەوە بۆ ئەو خاڵی دەستپێكی چۆنیەتی كۆتاییهێنان بە داعش وەك دەوڵەتێكی تیرۆریستی لە عێراق و سووریا، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر ئەم دەوڵەتە بمێنێت، ئەوا هەموو كات دەبێتە بنكەیەك بۆ ئەوەی تیرۆریستان بەتایبەتی ئەوانەی هاووڵاتی دەوڵەتانی رۆژئاوان، یان دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپان، ئەوا بە ئاسانی هەموو كات بتوانن لە سووریاوە بگەڕێنەوە ئەوروپا و ئەوجا لەبەر ئەوەی ئەوروپاش كار بە یاسای شنگن دەكات، ئەوا تیرۆریستان دەتوانن بە زۆربەی دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپادا بسووڕێنەوە، بەبێ ئەوەی هیچ رێگرییەكیان لێ بكرێت.
بەپێی دیراسەتێك كە رۆژی 23ی ئاداری 2016 واتە رۆژێك دوای تەقینەوەكانی برۆكسل لە سایتی فۆرن ئەفێرز بڵاو كراوەتەوە، لەو 5-6 هەزار هاووڵاتییەی ئەوروپا كە ئێستا چوونەتە سووریا و بوونەتە چەكداری داعش، نزیكەی 550 كەسیان هاووڵاتی بەلجیكین و لەم ژمارەیەش نزیكەی دوو هەزاریان گەڕاونەتەوە كە لە ناو ئەو دووهەزار تیرۆریستەی گەڕاونەتەوە، 100 تیرۆریستیان هاووڵاتی بەلجیكان. توێژینەوەكە ئاماژەی بەوە كردووە دەزگای دادوەری بەلجیكا راشكاوانە ئاشكرای كردووە كە وڵاتەكەی كێشەیەكی گەورەی لەگەڵ ئەو چەكدارانە هەیە كە هاووڵاتی دەوڵەتانی ئەوروپان و گەڕاونەتەوە، تەنانەت هەندێك لەوانەی كە رێگەیان بۆ ناردنی ئەو چەكدارانە بۆ سووریا رێكخستووە، لە ساڵی 2015 لەلایەن دادگای تیرۆری ئەو وڵاتە بە تۆمەتی تیرۆر سەركۆنە كراون.
داعش بە ستراتیژیەتی كۆن
مامەڵەی لەگەڵ ناكرێت
هەتا ئێستاش شێوازی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ئەو شێوازەیە كە لە دوای كارەساتی 11ی سێپتەمبەرەوە ئەمریكا لە دژی رێكخراوی ئەلقاعیدە پیادەی كردووە. ئەمریكا بۆ دژایەتی تیرۆری رێكخراوی ئەلقاعیدە هەتا ئێستا زیاتر لە 1.6 ترلیۆن دۆلاری خەرجكردووە، زیاتر لە 263 دەزگای دژەتیرۆری دامەزراندووە، بەڵام ئەم شێوازەی ئەمریكا زیاتر گونجاوە بۆ دژایەتیكردنی تیرۆرێكی كلاسیكی لەسەر شێوەی گروپ، نەك دەوڵەتێكی تیرۆریستی وەك داعش، بۆیە لەم حاڵەتەدا گرنگە دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا تاكتیكی دژەتیرۆر بخەنە ناو چوارچێوەی ستراتیژیەتێكی هەمە لایەنەوە، واتە راشكاوانە پێویستە دەست بخرێتە سەر خاڵەكان و ئەو راستییانە ئاشكرا بكرێت، كە ستراتیژیەتی دژی داعش تەنیا بریتی نییە لە هاوكاری سەربازی، یان شاڵاوی فڕۆكەكان لە ئاسمانەوە، بەڵكو پێویستە ئەم هەوڵانە ئامانجێكی سیاسی و دیاریكراوی لەسەر زەوی لەگەڵدا جێبەجێ بكرێت. ئەوەی تا ئێستا وەك بۆشایی لە ستراتیژیەتی دژە تیرۆری هاوپەیمانانی دژی داعش هەستی پێدەكرێت، ئەوەیە كە هاوپەیمانان تەنیا لە یەك دوو رەهەندی تایبەتی و بچووكدا شەڕی دژە داعشیان بچووك كردۆتەوە، بۆیە داعش زۆر بە ئاسانی توانیویەتی چوارچێوەی ئەم ستراتیژە ناتەواوەی هاوپەیمانان بە تەواوەتی بۆ سوودی خۆی بەكاری بهێنێت، هەر بۆ نموونە لە ماوەی ساڵانی 2014 و 2015 كە هاوپەیمانان بە شێوەی هاوكاری كەمی سەربازی و هێرشە ئاسمانییەكان شەڕی دژە داعشیان كردووە، لە نێوان كارە تیرۆریستییەكانی داعش و مامەڵەی دڕندانەی رژێمی بەشار ئەسەد تەنیا لە سووریا 4.5 ملیۆن هاووڵاتی سووریا ئاوارەی دەرەوە بوون و زیاتر لە 6.5 ملیۆنیش بوونە ئاوارەی ناوخۆیی لە سووریادا، هەروەها تەنیا لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 1.7 ملیۆن ئاوارە رووی تێكردووە كە هەموویان بەدەستی داعش ئاوارە بوون و روویان كردۆتە هەرێمی كوردستان، داعش توانی ئەم شاڵاوەی پەنابەران و ئاوارەیە وەك هێزێك بۆ هێرشەكانی خۆی پیشانی هاووڵاتیانی ئەوروپا بدات و سەرنجیان رابكێشێت. ئەگەر سەرنجی ئامارەكان بدەین، هەندێك جار داعش توانیویەتی تەنیا لەماوەی یەك مانگدا سەرنجی زیاتر لە 1000 كەس لە ژن و كچ و پیاو رابكێشیت بۆ ئەوەی پێوەندی بە داعشەوە بكەن، هەروەها لەلایەكی دیكەوە كە شاڵاوی پەنابەران روویانكردوە ئەوروپا و پاش ئەوەی كێشمەكێش لە نێوان دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا لە سەر كردنەوە و داخستنی سنوورەكان دروست بوو، دیسان داعش توانی رای گشتی ئەوروپا و رۆژئاوا ئیستیغلال بكات بۆ زیاتر دروستكردنی جەمسەرگیری لەنێو هاووڵاتیانی ئەوروپادا.
ئەم هەنگاوانەی داعش كە زۆر جیاوازن لە كارەكانی ئەلقاعیدە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی داعش توانیویەتی لەناو كۆمەڵگەی ئەوروپا لایەنگر و هەوادار و هاوسۆزی بۆ كارەكانی پەیدا بكات، ئەمەش مەترسی ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە كە بە گەڕانەوەی ئەو تیرۆریستانەی مەشق و راهێنانی زۆر چاكیان لە سووریا پێكراوە، شێوازی هێرشە تیرۆریستییەكانی داعش لە ئایندە گۆڕانكاری بەسەردا بێت و لە كاتی ئەنجامدانی ئەو هێرشانەدا لەوانەیە ئەو خەڵكانەی كە داعش سەرنجی راكێشاون، خۆیان تێكەڵی تیرۆریستان بكەن، یان بۆ شاردنەوە و پێشكەشكردنی كارئاسانی بۆیان هاوكارییان بكەن.
كوردستان ویستگەی یەكەمی
ستراتیژیەتیەكی گشتگیر بۆ ریشەكێشكردنی داعش
دوای ئازادكردنی زوممار و بەنداوی موسڵ لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە و سەردانی رێزدار مسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشمانی هەرێمی كوردستان بۆ پەرلەمانی ئەوروپا، ئەوكات لە ساڵی 2014 راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان راشكاوانە بە نوێنەرانی دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپای راگەیاند كە ئەگەر دەتانەوێت داعش هەڕەشە لە سەر ئەوروپا دروست نەكات، ئەوا دەبێت لەسەر زەوی داعش تێكبشكێنرێت، دوای هێرشەكانی هەفتەی رابردووی داعش بۆ سەر برۆكسل ئێستا بەشی زۆری ناوەندەكانی فیكر و لێكۆڵینەوە كە دیراسەتی دژەتیرۆر دەكەن، گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی ئەو ستراتیژیەتەی هەتا ئێستا ئەمریكا بەتایبەتی و دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعش و بۆ لە ریشەهەڵكێشان و بێ ئومیدكردنی داعش پیادەیان كردووە، ستراتیژیەتێكی سەركەتوو نەبووە، لە ئێستاشدا مەترسیی داعش لەناوخۆی رۆژئاوا بەگشتی و ئەوروپا بەتایبەتی لە ساڵی 2014 مەترسیدارترە، لەبەر ئەوەی ئەگەر لە ساڵی 2014 داعش تەنیا هەوڵی بۆ ئەوە بووبێت كە سەرنجی خەڵكی ئەوروپا بۆ ئەوە رابكێشێت بۆ ئەوەی لە ئەوروپا بگەڕێنەوە بۆ خەلافەتی ئیسلامی داعش و لە سووریا و عێراق شەڕ بكەن، بەڵام ئێستا داعش جیا لەوەی ئەو چەكدارانە بە مەشقێكی تیرۆریستانەی تەواوەوە دووبارە رەوانەی ئەوروپا دەكاتەوە، لە هەمانكاتدا لە ئەوروپا سەرنجی كۆمەڵێك خەڵكی بۆ كارەكانی راكێشاوە كە بێ ئەوەی جیهادی بن، یان راستەوخۆ پێوەندیان بە داعشەوە هەبێت، ئامادەن هاوكاری تیروریستانی داعش بكەن و لە ئەوروپا بچنە ناویانەوە، لەم حاڵەتەدا ئەگەرچی وەڵامدانەوەی ئێستای داعش قورسترە لە چاو ساڵی 2014، بەڵام رۆژئاوا بێجگە لە هاوكاری زیاتری كوردستان و پشتگیری زیاتری هێزی پێشمەرگە بۆ تێكشكاندنی تەواوی تیرۆریستانی داعش و بوونی كوردستان بە پێگەیەك بۆ جیهانی ئازاد بۆ ئەوەی لەم پێگەیەوە كۆتایی بە دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی داعش بهێنرێت و لێرەوە ئامانجە سیاسییەكان بۆ رێكخستنەوەی ناوچەكە دابڕێژرێت و بێجگە لە پشتگیری هاوپەیمانان بۆ ئەوەی بە زووترین كات كوردستانی سەربەخۆ رابگەیەندرێت، رێگەیەكی دیكەی نییە.
