بەكارهێنانی منداڵان لە خۆپیشاندانەكان چ خوێندنەوەیەكی بۆ دەكرێ؟

بەكارهێنانی منداڵان لە خۆپیشاندانەكان چ خوێندنەوەیەكی بۆ دەكرێ؟
بە مەبەستی كاركردن لەسەر راگرتنی بەكارهێنانی منداڵ وەكو جەنگاوەر و شەڕكەر لەلایەن چەكدارە نایاساییەكانەوە، كۆمسیۆنی ئەوروپا كە ئامرازی جێبەجێكردنە لە یەكێتیی ئەوروپا بانگەوازێك ئاراستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات، تاكو بكەونە جووڵە، لەم بارەیەوە هەردوو كۆمسیۆنی ئەوروپی بۆ كاروباری دەرەوە و كاروباری هاریكاری مرۆیی راسپێردران بۆ دانانی سنوورێك بۆ ئەم دیاردەیە و رۆژی 12ی شوباتیش بە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی بەكارهێنانی منداڵان وەكو جەنگاوەر ناسراوە. لە ئێستادا منداڵانی 38 وڵات بوونەتە سووتەمەنیی شەڕ و ململانێكان، عێراقیش یەكێكە لەم 38 وڵاتە، تەنانەت لە هەرێمی كوردستانیش لە ئێستا و لە رابردووشدا ئەو دیاردەیە بوونی هەبووە و منداڵان بۆ چەند مەرامێكی سیاسی بەكارەێندراون. نموونەی بەرچاویان خۆپیشاندانەكانی هەفتەی رابردوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی بوو كە چەندین قوربانیشی لێكەوتەوە. هەر لەو بارەیەوە بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان راوبۆچوونی خۆیان دەخەنەڕوو.
د.ڤیان سەبری ئەندامی یەدەگی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دەستپێكی قسەكانیدا بۆ گۆڤاری گوڵان بە پێویستی دەزانێت كە بە هەموو لایەكەوە هەوڵ بدرێ بۆ ئەوەی منداڵانی كوردستان بپارێزین و رێگە نەدەین بكەونە بەردەستی هەندێك لە حزبە سیاسییەكان كە ئاژاوەیان پێ بگێڕن و هەوڵی لەباربردنی ئەزموونی كوردستان بدەن. گوتیشی: «جێی شەرمەزاری و شوورەیی بوو بۆ هەندێك لە حزبەكان كە پیلان دادەنێن منداڵانی كوردستان بۆ مەرامی سیاسی و شەخسیی خۆیان بە كاردێنن و هانیان دەدەن تا بكوژرێن، یان برای خۆیان بكوژن».
د. ڤیان رایوایە: «خۆپیشاندان مافێكی رەوای هاووڵاتییانە، بەڵام ناكرێت لایەنە سیاسییەكان ئەو خۆپیشاندانە بە كاربێنن بۆ دژایەتیكردنی حزبێك، ئەویش حزبێكی وەك پارتی كە هەموو رابردووی پڕە لە شۆڕش و قوربانیدان لە پێناو گەلەكەی». هاوكات ئەو پرسیارانەی خستەڕوو كە كوا رۆڵی رێكخراوەكانی مەدەنی و مافی مرۆڤ و مافی منداڵان لە سلێمانی؟ رۆڵی ئەو دایك و باوكانە چییە لە شاری سلێمانی؟ رۆڵی رۆشنبیرانی شاری سلێمانی لە پەروەردەی نەوەی نوێ چی بووە، لەو شارەی كە هەمیشە مەڵبەندی رووناكبیری و كوردایەتی بووە و ئێستاش پایتەختی رۆشنبیریی كوردستانە؟ كاری دامودەزگا ئەمنییەكان چییە بۆ نهەێشتنی بەشداریی منداڵان لە خۆپیشاندان؟ چۆن دەبێت خوێن بە ناحەقی بڕژێت و ئەم كارە وا بە ئاسانی رووبدات؟ بۆچی دەبێت تەنیا خەڵكی بێتاوان و گەنج و مێردمنداڵ باجی ئەم كردەوانە و ئەم رەوشە بدەن؟ دەبێت خەڵكی بەشەرەفی هەموو كوردستان پرسیار لەو لایەنە سیاسییانە بكەن كە بوونە هۆی دروستبوونی توندوتیژی لەنێو خۆپیشاندەران و بەكارهێنانی منداڵان بۆ مەرامە سیاسییەكانی خۆیان. من ئەوەم بە رێكخراوەكانی جیهانی وەك یونسیف راگەیاندبوو كە منداڵان هاندەدرێن بۆ كاری سیاسی و پێویستە رێكخراوی UN و هەموو جیهان بزانن كە ئەو لایەنە سیاسییانەی منداڵان بۆ مەبەستی سیاسی بە كاردهەێنن، تا چەند مەترسیدان. بەتایبەتی كە ئێستا ئێمە لە نێو شەڕی مان و نەمانداین لە گەڵ تیرۆریستانی داعش. پێویستە UN لە كوردستان روڵی خۆی هەبێت بۆ ئیدانەكردنی ئەو لایەنە سیاسییانەی كە پەنجا دۆلارییەك دەدەن بە هەر منداڵێك، جا چ كوردبێت، یان عەرەب، بۆ ئەوەی لە شەقامی كوردی ئاژاوە و توندوتیژی بنێنەوە».
د.ڤیان سەبری لە كۆتایی ئاخافتنەكەیدا بۆ گوڵان گوتی: «ئەزموونی زۆر هەیە كە بەكارهێنانی منداڵان بۆ شەڕ و توندوتیژ كارێكی پڕمەترسی و ناشارستانییە، بۆیە رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی مافی منداڵان وەك رێككەوتننامەی جنێف بەكارهێنانی منداڵی لە جەنگ قەدەغە كردووە. هەروهەا پرۆتۆكۆلی جیهانی كە لەساڵی 2002 زۆربەی وڵاتان پەسندیان كردوووە، بەكارهێنانی منداڵانی لە ململانێ سیاسییەكان قەدەغە كردووە.»
ئیبراەیم حاجی زەڵمی هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە كۆمەڵناسی رایوایە: «منداڵ و مێردمنداڵەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری سەروەت و سامانی ئەم گەل و میللەتەن، كاری پێگەیاندن و وەبەرەێنانێكی مرۆییانە و زانستی و تەندروستییانە و خزمەتگوزارییانە بۆ منداڵان ئەو ئەركە ئەخلاقی و مرۆییەیە كە دەتوانێت دواڕۆژێكی پرشنگدار و ئیدارەدانی سبەینێ بە شێوەیەكی گونجاو و دەستخستنی وزە و توانایەكی مرۆییانەیان بۆ كوردەواری لێ مسۆگەر بكرێت. گوتیشی: «دیارە منداڵ تا نەگاتە تەمەنی18 ساڵ و بەرەوژوور بە قۆناغێكی ناسك و دەڵەمەئاسا وەك قۆناغی پیری و پەككەوتەیی شایەنی چاودێری و پێگەیاندن و لێپرسینەوەی هەمەجۆری تەندروستی و دەروونی و كۆمەڵایەتییە. بەڵام قۆناغی مێردمنداڵی بەو پێیەی لە پاڵ حەزێكی سەرەڕۆیی و گیانێكی پڕ بەرائەتی لەناودایە، واتە لەو توێژەی منداڵن كە زۆرترین جار لە كاتەكانی شەڕ و پشێوی و بەكاربردنی ئایدیۆلۆژی موعارەزن و دەكرێنە ئامانج بۆ كاری حەماسی و توندوتیژی و بەكاربردنیان لەكاتی قەیرانەكاندا. ئەوەش خستنە سەرشانی بۆ مێردمنداڵ كە زۆر لە توانای خۆی گەورەترە، لە بەر ئەوەی لە رووی جەستەیی و دەروونییەوە هێشتا پێنەگەیشتووە، بۆیە شایەنی ئەم ئەركە نییە، توانای هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتییەی نییە، نە لە رووی ئایینییەوە، نە لە رووی كۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەوە، هەرگیز لەگەڵ خەسڵەتە دەروونی و مەزاجی و هۆشییەكەی نایەتەوە. لێرەوە بەكاربردنی منداڵ و مێردمنداڵ لەلایەن هەر كەس و هەر گرووپ و هەر كۆمەڵێكەوە لەكار و ئەركێكدا كە هێشتا ئەو ئامادەسازی بۆ نەكردووە، بۆ خۆی جۆرێكە لەو هەڵە گەورانەی كە كۆمەڵگە دواجار خۆی باجەكەی وەردەگرێت. بەداخەوەم بە درێژایی مێژوو لە كۆمەڵگەی كوردەواریدا بەكاربردنی ئەم توێژەی كۆمەڵگە زۆرجیاواز بووە لەو دونیا و خەون و توانایەی كە خراوەتە سەرشانیان وەك ئەرك، بەتایبەتی بهەۆی ئەو پەروەردە سەقەتە و ئەو پێگەیاندنە ناتەندروستە و بە هۆی ئەو بارودۆخی ناسازانەی كە بەسەر كۆمەڵگەی ئێمەدا سەپێندراوە، دۆخەكەی ئاڵۆزتر كردووە. دیارە ئێمە گەر تەماشەی ئەم بارودۆخەی ئێستا بكەین وەك بەشداریپێكردنی منداڵان لە خۆپیشاندان و هاندانیان بۆ رژانە سەرشەقام لە دنیای منداڵان زۆر دوورە و ئیستیغلالكردنی منداڵان لەو مەبەستە لەلایەن هەركەس و لایەنێكەوە هەڵەیەكی نازانستی و زۆر نائەخلاقییەیە كە پێویستە كۆمەڵگەی كوردەواری لێی دووربكەوێتەوە.
لە لای خۆیەوە د. فرسەت سۆفی ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بەكارهێنانی منداڵانی خوار تەمەنی 18 ساڵ بۆ مەرامی سیاسی دژی یاسا نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤە، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان نابێ منداڵ لە هەر نائارامی و گرژییەكی ناوخۆیی و دەرەكی تێوە بگلێ و بەشداری پێبكرێ، كەچی بەداخەوە لە ژێر چەتری خۆپیشاندان و مافی مەدەنی، منداڵانی ناوچەیەكی كوردستان، لە بری ئەوەی هانیان بدەن لە تەمەنێكی پێگەیشتوودا مومارەسەی مافە مەدەنی و سیاسییەكان بكەن، بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی هان دەدرێن.»
د. فرسەت سۆفی، جەختی لەوەش كردەوە كە ئەو مێردمنداڵانەی لەم خۆپیشاندانانە بەشدارییان پێدەكرێت و بەكاردهەێنرێن، بە تەواوی پێچەوانەی یاسا و پێچەوانەی هەموو ئەو رێككەوتنە جیهانییانەیە كە پەیوەستە بە پاراستنی مافەكانی منداڵ و دەچێتە چوارچێوەی پێشێلكردنی بنەماكانی یاسای نێودەوڵەتی.»
محەمەد گۆمەشینی وتەبێژی فەرمی دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «خۆپیشاندان مافێكی یاسایی و ئاسایی هەموو مرۆڤێكە بەو مانایەی داواكردن بۆ پێداویستی و دابینكردنی مافەكان بێت، ئەوەش لە پەیماننامە و رێككەوتنە جیهانییەكانی مافی مرۆڤ هاتووە و لە زۆربەی وڵاتانیش بە یاسا رێكخراوە، لە كوردستانیش یاسای تایبەت هەیە، بەڵام ئەوەش پێویستی بە رێكخستن هەیە، بۆ نموونە نابێت منداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ بەشداریی ئەو جۆرە خۆپیشاندانانە بكات، چونكە منداڵ پیش ئەوەی مافی خۆپیشاندانی هەبێت، دەبێت مافی خوێندنی مسۆگەر بێت و لە ژوورەكانی خوێندن و شوێنەكانی یاریكردن و چاودێریكردن بێت، نەك لەسەر شەقام و بۆ مەرامی سیاسی بەكاربەێندرێت، واتە دابینكردنی ئایندەی منداڵ لە ئەستۆی گەورەكانە، یان روونتر بڵێین لە ئەستۆی حكومەتە و منداڵ پێویستی بە خۆپیشاندان نییە، پێوەری ئێمە بۆ هەر رووداوێك لە چوارچێوەی بنەماكانی مافی مرۆڤە، بۆیە بەكارهێنانی منداڵ بۆ مەبەستی ناڕەوا و لە پێناوی هەر مەرامێكی سیاسیی گونجاو و رێگەپێدراو نییە. واتە منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ كارپێكردن و و بەشداری پێكردنی لە پرۆسەی سیاسی قەدەغەیە، چونكە منداڵ پێویستی بە دابیكردنی مافی سەرەتایی ژیان و چاودێریكردنی هەیە، نەك شەقام و خۆپیشاندان».
روئیا محەمەد قوتابی زانكۆ و بەرپرسی قوتابیانی بەشە ناوخۆیی18ی شوبات لە هەولێری پایتەخت ئەویش وەك تاكێكی ئەم نیشتمانە بەكارهێنانی منداڵ بۆ مەرامی سیاسی ئیدانە دەكات و هاوكات دەڵێت: «داواكارم هەموو لە لایەنەكانی پەیوەست بە پاراستنی مافەكانی منداڵان سنوورێك بۆ ئەم پێشێلكارییە دابنێن، چونكە منداڵ نە لە سیاسەت دەزانێ، نە لە دۆخی ئابووری و سەربازی تێدەگات، ئەم بەشداریپێكردنەی منداڵان لە خۆپیشاندانەكان مایەی نیگەرانییە، لە كاتێكدا منداڵ پێویستی بە كەشێكی لێوانلێو لە ئاشتی و لێبووردەییە، منداڵ پێویستی بە ئارامیی دەروونە تاكو لە داەاتوودا كەسایەتییەكی سەركەوتووی هەبێت، بەپێچەوانەوە بەكارهێنانی منداڵ لە كردە توندوتیژییەكان وادەكات لە داهاتوودا نەوەیەكی شەڕانگێز و دوور لە ئینتیمای نیشتمانی بەرهەم بێت.
Top