گەندەڵیی حكومەتی عێراق گەیشتۆتە ئاستێك هەڕەشە بۆ سەر ئایندەی نەوەكانی داهاتووش دروست دەكات
July 9, 2015
راپۆرتەکان
بڕی 250 ملیۆن دینار بۆ خوانی بەربانگی كاربەدەستانی حكومەت و پەرلەمان تەنیا لە یەك رۆژدا خەرجكراوە، ئەو خوانە بەربانگەی كە بەرپرسانی حكوومی و پەرلەمان ئامادەی بوون، ئەوان لەسەر حیسابی دەوڵەت ئەو بڕە پارەیەیان تەنیا بۆ یەك رۆژی مانگی رەمەزان بە تاڵان بردووە
راپۆرتی گوڵان ــ بەغدا
وەنەبێ دیاردەی گەندەڵی لە عێراق حاڵەتێكی جودا و سەمەرە بێت، بەڵكو بۆتە دیاردەیەكی چەسپاو و بەردەوامی رۆژانەی حكومەت و دەزگاكانی، بەتایبەتیش كە دەسەڵاتداران و سەركردەكانی ئەو وڵاتە زیاتر تێوەی گلاون، تەنانەت بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتانی دیكە شێواز و رێچكە و هۆكارەكانی زۆر جیاوازە، ئەوەی زیاتر عێراق لە وڵاتانی دیكە جیادەكاتەوە، ئەوەیە كە ئەو گەندەڵییە هەموو بوارەكانی سیاسی، ئەمنی، ئیداری، پەروەردەیی، بازرگانی و پیشەسازی و .. تاد گرتۆتەوە. لەبەرامبەردا هەموو لایەك دان بە بوونی ئەو گەندەڵییانەدا دەنێن و دامەزراوە و رێكخراوە حكومییەكانیش بەردەوام یەكتر تۆمەتبار دەكەن. لەكاتێكدا میللەت بە دەست كاریگەرییەكانی تایفەگەری و هەرەسهێنانی رەوشی ئابووری و قوربانیدانی بەردەوام لە ئاكامی ململانێ و كردەوەكانی توندوتیژی دەناڵێنن، بەبێ ئەوەی هیچ چارەسەرێك بۆ ئەو كێشانە بدۆزرێتەوە.
تەشەنەكردنی گەندەڵی بەردەوامە و
هەڕەشە لە دەستكەوتەكان دەكات
كێشەی بڵاوبوونەوەی دۆسێكانی گەندەڵی لە عێراق لە ئەنجامی گوێڕایەڵ نەبوون بۆ بنەما توندوتۆڵەكان و لێ نەپێچانەوە و بەدوادانەچوون و ناڕاستگۆیی و ناپڕۆفیشناڵییەت بۆ دۆسێكان هێشتا هەر بەردەوامە و هەموو كایەكانی وڵاتی گرتۆتەوە. لەوانە بنیادنانەوەی ژێرخان كە پێویستی بە چەندین ملیۆن دۆلار هەیە، هەروەها گەڕاندنەوەی سیاسەتی بازرگانی و پرۆسەی هاوردە و هەناردە و كاروباری تەندروستی و پەروەردە، لە چوارچێوەی كەلتوورێكی نزمی بەكاربردن كە رۆژانە لەگەڵ بەرزبوونەوەی توانای كڕینی سەرجەم هاووڵاتیانی عێراق فراوانتر دەبێت. لە پاڵ ئەمەشدا دەبینین سێ دەوڵەت، ئابووریی عێراقیان قۆرخكردووە كە بریتین لە ئێران و توركیا و چین، هەموو كاڵاكانی ئەو وڵاتانەش هیچ چاودێری و سانسۆرێكیان لەسەر نییە و ئابووریی عێراقیان پێ راست نابێتەوە.
دانپێدانی فەرمی
هەموو لایەنە حكوومی و پەرلەمانی و بازرگانییەكان و گشت توێژ و چینەكانی كۆمەڵگەش دان بەوەدا دەنێن كە گەندەڵی هەموو جومگە و كایەكانی عێراقی تەنیوە، بازاڕیش تەنیا بۆ چەند بەرهەمێكی خراپ و لاساییكەرەوە و قەڵپ قۆرخكراوە كە كارگەكانی چین و توركیا و ئێران بە كۆمەڵ دەیخەنە بازاڕەوە لە چوارچێوەی نەبوونی یاسا و رێسای بازرگانی كە مافی بەكاربەر زامن بكات، هەر ئەمەشە كە بۆتە هۆی گەیاندنی زیانێكی زۆر بە ئابووریی وڵات كە بە بلیۆنەها دۆلار مەزەندە دەكرێت. ئەمە سەرباری ئەو زیانە تەندروستییانەی بە خەڵكەكە دەگات كە دەگاتە ئاستی نەخۆشییە ترسناكەكانی وەك شێرپەنجە. كاریگەریی ئەم دیاردەی گەندەڵییە لایەنی سیاسی و ئیداریشی لە عێراق گرتۆتەوە كە تەنانەت شكستی بە بەرنامەی یەكێتیی ئەوروپاش هێناوە كاتێ دەركەوت كە بڕی 17 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2013 بۆ بواری پەروەردە و خوێندن تەرخانكراوە، كەچی هیچی لێ خەرج نەكراوە!
دۆسێكانی گەندەڵی هەمەجۆر و فرەچەشنن كە لە ئێستادا زۆربەیان خراونەتە بەردەم دادگاوە، لەوانەش دزینی پارەی حكومەت لەلایەن گەورە بەرپرسان و فرتوفێڵ و ساختەكاری لە گرێبەست و مامەڵەی بازرگانی، تا ئێستاش هیچ لەو دۆسێیانە یەكلایی نەكراونەتەوە، بەڵام لە بەرامبەردا هاووڵاتییەكی سڤیلی بێ پشت و پەنا یاسا و رێساكانی بەسەردا جێبەجێ دەكرێ. ئەوانەی لە دەستەی دەستپاكیدان دان بەوەدا دەنێن كە زۆربەی ئەوانەی لە گەندەڵییەوە گلاون بەرپرس و خاوەن دەسەڵاتن.
بەڵگەی هەمەجۆر و داوای یاسایی یەكلایی نەبۆتەوە
دەستەی دەستپاكی داوا لە پشكێنەری وەزارەتی پەروەدە دەكات كە بەراییەكانی پەڕاوی لێكۆڵینەوەی نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكانی بۆ بنێرێت، بە پێی ئەو پڕۆژەیەی كە پێشكەشی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی عێراقی كردووە لە چوارچێوەی پلانی نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان، لە هەمان كاتدا سەرۆكی بانكی دارولسەلام لە بەغدا رایگەیاندووە كە لە چەند پڕۆژەی خەیاڵیدا 250 ملیۆن دۆلار دیار نەماوە و دزراوە، لە كاتێكدا كە بڕی 250 ملیۆن دینار بۆ خوانی بەربانگی كاربەدەستانی حكومەت و پەرلەمان تەنیا لە یەك رۆژدا خەرجكراوە، ئەو خوانە بەربانگەی كە بەرپرسانی حكوومی و پەرلەمان ئامادەی بوون و ئەوان لەسەر حیسابی دەوڵەت ئەو بڕە پارەیان تەنیا بۆ یەك رۆژی مانگی رەمەزان بە تاڵان بردووە!
ئەمە وێڕای 750 چەكداری (بن دیوار) كە پاسەوانی گەورە بەرپرسێكی سوپای عێراقییە كە مانگانە كۆی مووچەیان 750 ملیۆن دینارە.
پوختەیەكی دۆسێكانی كەڵەكەبووی گەندەڵی
پەرلەمانتار ئەحمەد چەلەبی بە دەستەی دەستپاكی راگەیاندووە كە وەزیری كشتوكاڵ و بریكاری ئیداری و دارایی تێوەگلاون لە هاوردەكردنی فڕۆكەی كشتوكاڵی لە كۆمپانیایەكی فەڕەنسی كە لە ئەفریقا كاردەكات، بەڵام لەگەڵ ئەو مواسەفاتانە نەگونجاوە كە بۆ ئەو جۆرە فڕۆكە و ئیش و كارەكانیان پێویستە. سەرۆك كۆماری عێراق 5937 پاسەوانی هەیە واتا بارتەقای (8) فەوج دەبن، كە تێچووی هەر فەوجێك زیاتر لە (3) ترلیۆن دینارە. لە كاتێكدا كە لەهەر پۆلیس، یان سەربازێكی مووچەخۆری حكومەت مانگانە 125 هەزار دینار دەبڕدرێت بە بیانووی دابینكردنی خۆراكی رۆژانە. لەلایەكی دیكەوە 200 هەزار تەن یۆریا و 50 هەزار تەن سۆیای پیسبوو بە تیشك لە لایەن وەزارەتی كشتوكاڵەوە لە دەوڵەتی قەتەڕەوە هاوردەكراوەن، بەڵام تا ئێستا لێكۆڵینەوەی تەواونەكراوە لەوەی كە ئایا ئەم پیسبوونە بە هۆی نەزانین، یان گەندەڵی، یاخود بەئەنقەست بووە، ئەو ماددانەی باسمانكردوون لە چاندنی بەروبوومی كشتوكاڵدا بەكاردەهێندرێن، ئایا هاووڵاتیان گوناهیان چییە ئەگەر بە هۆی بەكارهێنانی ئەو ماددە ژەهراوییانە لە كشتوكاڵدا بەرهەمی خراپ و ژەهراوی بخۆن و لە ئاكامدا دووچاری شێرپەنجە و جۆرەها نەخۆشی دیكە ببن.
كارەساتەكە بەردەوامە و گەلیش هەر پێوەی دەناڵێت
دیمەنێكی دیكەی تراژیدی لەوەدایە كە بە سەدان كەس لە نۆرەی نەخۆشخانەكاندا دەوەستن بۆ وەرگرتنی چارەسەر و داودەرمان لە كاتێكدا كە پلەكانی گەرما لە سەرووی 46ی سەدیدایە، بەڵام لەوەش كارەساتتر ئەوەیە كە لەسایەی دەستگرتن بە خەرجییەكانەوە دەبینین كە پەرلەمانی عێراق بەمە پابەند نابێت و لەگەڵ مەینەتی و كێشەو چەرمەسەریی گەلدا نییە، كاتێ دەبینین بڕیار دەدات بڕی 50 ملیۆن دۆلار بۆ نۆژەنكردنەوەی بینایەی پەرلەمان خەرج بكات، وەك بڵێی پەرلەمانتاران لە سەرجادە دانیشتبن! چاوەڕیی ئەوە ناكەن كە ئەم قەیرانە داراییە كۆتایی بێت ئینجا ئەگەر پێویست بوو ئەو نۆژەنكردنەوەیە ئەنجام بدرێت.
بەڵگەنامە فەرمییەكان
پەرلەمانتار ئەحمەد چەلەبی بەڵگەنامەیەكی فەرمی بۆ لایەنەكانی چاودێری ناردووە، تێیدا باس لەوە دەكات كە باڵیۆزخانەی عێراق لە پۆڵەندا مانگانە 20 هەزار دۆلار بە بیانووی كرێ خەرجدەكات، لە كاتێكدا بینایەكی تایبەت و بەتاڵ هەیە بۆ باڵیۆزخانەكە كە موڵكی خودی عێراقە، هەروەها چەندین كەس لە خزمانی بەرپرسان و سیاسەتوانان دامەزراون، لەوانە كوڕێكی حەسەن ئەلسنێد لە باڵیۆزخانەی عێراق لە فەڕەنسا و كوڕێكی دیكەشی لە باڵیۆزخانەی عێراق لە كوێت، هاوكات دەبینین كە خوزەیر ئەلخوزاعی جێگری پێشووی سەرۆك كۆمار بۆ چوونە عومرە لەگەڵ هاوسەرەكەی فڕۆكەیەكی تایبەت لە سعودیە بەكرێ دەگرێت!
مووچەی تیرۆریستانی داعش
راستەوخۆ لە حكومەتی عێراقەوە!
لیستێك بە ناوی 343 فەرمانبەر و خانەنشینكراو كە هاوكاریی داعش دەكەن بڵاوكراوەتەوە كە بە شێوەیەكی رێك و پێك مانگانە مووچەكانیان لە حكومەتی عێراقەوە وەردەگرن، ئەو بەڵگەنامانەی دەست لایەنەكانی چاودێریی دارایی كەوتوون لە مەڵبەندی هەواڵگریی نیشتمانییەوە دەیسەلمێنن كە ئەو لیستە ناوە لە ریزی داعشدان، یان هاوكاریانن، كەچی مووچەكانیشیان وەردەگرن، كۆپی ئەم بەڵگەنامانەش دراوەتە نووسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران.
لە كۆتاییدا. چارە چییە؟
ئەم نموونە بچووك و سادانە رەنگدانەوەی دۆسێی فرەجۆرەكانی گەندەڵین لە عێراقدا، لە كاتێكدا كە لێكۆڵینەوە لەم دۆسێیانە، یان سستە، یان هەر ناكرێت و گوێی پێ نادرێت. ئەم وڵاتە لە جیاتی ئاوڕدانەوە لە ژێرخانی داتەپیو و هەرەسهێنانی بنیادنان و ئابووری و ئاوەدانكردنەوە، سامانەكەی بەهەدەر و تاڵان دەبرێت، لە كاتێكدا گەل پێویستی بە بنیادنانەوە و نۆژەنكردنەوەی سەدان قوتابخانە و نەخۆشخانەیە كە پێویستی رۆژانەیانە.
لە وڵاتانی جیهان تەكنەلۆژیا و پێشكەوتن لە خزمەتی هاووڵاتیان و كۆمەڵگەكاندایە و رەوش گوزەرانیان باش دەكرێت و ژیانێكی بەختەوەر و پڕ لە دەستكەوت و داهێنانیان بۆ دابین دەكرێت، كەچی لە عێراقدا قۆرخكردنی پێگە و پۆستە باڵاكان بەمەبەستی دەستكەوتنی پارە و سامانێكی زۆر لەسەر حیسابی هاووڵاتیانی سڤیل و سادە، بووتە ئەمری واقیع. بە پێی راپۆرتێكی رێكخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتیش، عێراق لە ساڵی 2014 بە دووەم دەوڵەت دێت دوای سۆماڵ لە رووی گەندەڵی دارایی و ئیدارییەوە.
