كۆبانێ زامێكی دیكە لە جەستەی كوردستاندا

كۆبانێ زامێكی دیكە لە جەستەی كوردستاندا
تیمی گۆڤاری گوڵان بۆ بەسەركردنەوەی ئاوارەكانی كۆبانێ لە كەمپی گەویلان سەردانی ئەو كەمپەی كردو لەنزیكەوە گوێبیستی قسەو داواكارییەكانیان بوو. ئەوان سەرەتا سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ بەتەنگەوە هاتنیان لە لایەن سەرۆكی كوردستان بەڕێز مسعود بارزانی دەربڕی و كێشە و ئاریشە و داواكارییەكانیشیان خستەڕوو.

هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شاری كۆبانێ كارەساتێكی دیكەیە لە جەستەی كوردستاندا، دیارە شاری كۆبانێ هەڵكەوتەی جوگرافییەكەی بەو شێوەیە كە هیچ سنوورێكی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا نییە هەتا هێزی پێشمەرگە بەهانایەوە بچێت، یان بە ئاسانی كۆمەك بگەیەندرێتە ئەو شارە، هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كۆبانی لەسێ لاوە بە چەكدارانی داعش دەورە دراوە و تەنها دەروازەیەكی سنووری لەگەڵ توركیا هەیە، لە دەستپێكی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كۆبانێ، بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان ئامادەباشی پیشاندا هەموو هاوكارییەك پێشكەشی خەڵكی كۆبانێ بكرێت، هەروەها هەموو هەوڵە دبلۆماتییەكانی خستەگەڕ بۆ ئەوەی توركیا سنوور بكاتەوە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هێرشی ئاسمانی زیاتر بكەنە سەر تیرۆریستانی داعش لە دەوروبەری كۆبانێ، بەڵام مەرجەكانی توركیا لەسەر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ هاوكاریكردنی كۆبانێ و دوورەدەستی سنووری كۆبانێ لە باشووری كوردستانەوە، بووە هۆكاری ئەوەی تیرۆریستانی داعش پێشڕەوی بكەن و بەهۆیەوە ژمارەیەكی یەكجار زۆری خەڵكی كۆبانێ ئاوارەی توركیا بن، بۆ بەتەنگەوە هاتنی ئاوارەكانی كۆبانی، بە بڕیارێكی سەرۆكی كوردستان دەرگایان بۆ خستنە سەر پشت بۆ ئەوەی بێنە باشووری كوردستان و لە وڵاتی خۆیان پێشوازی بكرێن. جێگەی ئاماژە پێكردنە پێشتریش زیاتر لە 200 هەزار ئاوارەی رۆژئاوای كوردستان روویان لە هەرێمی كوردستان كردبوو، كە لە كەمپەكانی پارێزگاكانی كوردستان و بەتایبەتی لە پارێزگای دهۆك نیشتەجێ كران. هەر ئەمەش وایكرد خەڵكی كۆبانێش بەڕێزەوە بڕواننە هەڵوێستی نەتەوەیی سەرۆكی كوردستان و بەسەدان خێزانی ئاوارەكانی كۆبانێ روو لە هەرێمی كوردستان بكەن و هاتنیشیان بەردەوامەو ژمارەیەكیان لە كەمپی گەویلان نیشتەجێكران. تیمی گۆڤاری گوڵان ئاوارەكانی كۆبانێ لەو كەمپەدا بەسەر كردەوە و لەنزیكەوە گوێبیستی قسەو داواكارییەكانیان بوو.

گەویلان خەڵكی كۆبانێی لەئامێز گرت
سەرەتا ئاوارەكانی كۆبانێ باسیان لە رەوشی نالەباری خۆیان لە توركیا كرد، بەوەی حكومەتی توركیا و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان زۆر درەنگ و بە ئاستێكی كەم هاوكاری و یارمەتییان گەیاندۆتە كوردانی ئەو شارە، لەكاتێكدا هەر زوو لەلایەن (رێكخراوی خێرخوازی بارزانی)یەوە وەكو یەكەمین رێكخراوی خێرخوازی كۆمەك گەیەنرایە شاری كۆبانێ، دواتر باسی ئەوەیان كرد كاتێك گوێبیستی كردنەوەی دەرگای ئیبراهیم خەلیل بوون بۆ ئاوارەكەنی كۆبانێ، راستەوخۆ ئەوان روویان لە باشووری كوردستان كردو لەدیوی سنووری ئیبراهیم خەلیل ئاوارەكان بەپاس رەوانەی كەمپی گەویلان كران، لەناو كەمپەكەش دوای ئەوەی ناویان تۆمار دەكرێت و شوێنیان بۆ دەستنیشان دەكرێت، كە چادر و شوێنی wc و حەمام و ئاو و كارەبای تێدایە، پاشان قاپ و كەلوپەلی ناو ماڵ و پێخەف و خۆراك و شیری منداڵان و دایبی و جلوبەرگیان بۆ دابین دەكرێت.
هاتنی خێزانەكانی كۆبانێ لەكاتێكدایە كە هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی دژواری داراییدا تێپەڕ دەبێت و، بەغدا گەمارۆی ئابووری لەسەر خەڵكی كوردستان سەپاندووە، لە لایەكی دیكەشەوە تادێت ژمارەی پەناهەندە و ئاوارەكانی عێراق و كوردانی رۆژئاوا روو لە زیادبوون دەكات، ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەی ئاوارە و پەناهەندەكان گەیشتۆتە زیاتر لە یەك ملیۆن و 200 هەزار كەس، بەمەش هەرێمی كوردستان جگە لەوەی مەنزڵگەی پێكەوە ژیان و لێبووردەیی نێوان ئایین و ئایینزا و نەتەوەكانە، لە ئێستادا بووەتە پێگەیەكیش بۆ بەهاناچوون و داڵدەدانی پەناهەندەو ئاوارەكان.
عەبدولڕەزاق یوسف كە هاووڵاتییەكی خەڵكی (كۆبانێ)یەو لەگەڵ خێزانەكەی لە كەمپی گەویلان نیشتەجێن، وتی: «دوای ئەوەی لە كۆبانێوە بۆ گەیشتن بە شارەكانی توركیا سەدان كیلۆمەترمان بە پێ بڕی و دووچاری ماندووبوونێكی زۆر بووینەوەو منداڵەكانمان نەخۆش كەوتن، هەموو ئاوارەكانی كۆبانێ لە توركیا لە بارودۆخێكی دەروونی و قورس و ناخۆشدا بوون، هەر بۆیە بە بیستنی بڕیارەكەی سەرۆك بارزانی بە كردنەوەی سنووری ئیبراهیم خەلیل بە رووی ئاوارەكانی كۆبانێ، راستەوخۆ روومان لە باشووری كوردستان كرد، لەمەشدا زۆر سوپاسی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستان دەكەم كە هەر زوو بەدەنگ خەڵكی كۆبانێ و رۆژئاوای كوردستان هاتن و شوێنێكیان لە كەمپەكە پێداین و هەموو پێداویستییە سەرتاییەكانیان بۆ دابین كردین»
ئازاد قاسم، وەك هاووڵاتییەكی دیكەی خەڵكی كۆبانێ كە لە كەمپی گەویلان نیشتەجێ بووە، سەرەتا باسی هەڵوێستی نەتەوەیی جەنابی سەرۆك بارزانی كردو وتی: «سوپاسی سەرۆك بارزانی دەكەم كە بڕیاری دا دەرگای كوردستانی باشوور لەبەردەم كوردانی كۆبانێ بكاتەوە و رزگارمان بكات لەو ناخۆشییەی چەند رۆژە لە توركیا تێیكەوتبووین، ئەمە هەڵوێستێكی نەتەوەییە و هەر چاوەڕوانی ئەوەشمان لە بەڕێزیان دەكرد».
سەڕەرای ئەو بارگرانی و ئەو دۆخە دژوارەی كە هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام هەر زوو دامودەزگاو وەزارەتەكانی هەرێمی كوردستان دوای بانگەوازەكەی سەرۆكی هەرێم ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ پێشوازیكردنی ئاوارەكانی كۆبانێ، هەربۆیە لە كەمپی گەویلان جگە لەوەی هەموو پێداویستییەكانی كارەبا و ئاو و تەنانەت ئاوەڕۆی تێدایە، هاوكات بنكەی تەندروستی و قوتابخانە و ئۆفیسی رێكخراوە خێرخوازەكانیشی لێیە، سەبارەت بە چۆنیەتی پێشوازیكردنی خەڵكی كۆبانێ لەلایەن دامودەزگاكانی كەمپەكەوە بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەوان لەتوركیا سەدان كیلۆمەتریان بە پیادە بڕیوەو ماندووێتی و هیلاكی زۆریان بینیوە تا لەو كەمپەدا گیرساونەتەوە.
دیار عادل محەمەدی تەمەن 30 ساڵ كە لەگەڵ هاوسەرەكەی كۆبانێیان بەجێهێشتووەو لە ئێستادا لەم كەمپە نیشتەجێن، باسی لە شێوازی پێشوازی و دابینكردنی پێداویستییەكانیان كردو وتی: «لەسەرەتای هاتنمان بۆ باشووری كوردستان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگا خێرخوازەكانەوە هاوكاری كراین و خواردن و خواردنەوەو پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیانمان بۆ دابین كرا»، هاوكات خێزانی ئەم گەنجە سەڕەرای سوپاسی حكومەتی هەرێم چەند داواكارییەكیشی هەبوو، بەتایبەتی سەبارەت بە راكێشانی تۆڕی كارەبا بۆ هەندێك لە چادرەكان و قیرتاوكردنی شەقام و كۆڵانەكانی ناو كەمپەكە، كە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان دووچاری ماندوبوونێكی زۆریان دەكات.
ئافرەتێكی بەساڵاچووی كۆبانێ سوپاسی «سەخاوەت و كەرەمی خەڵكی كوردستان و سەرۆكەكەیان»ـی كرد كە بەوشێوەیە پێشوازییان لەخەڵكی كۆبانێ كردووە. عالیە شێخۆ كە تەمەنی لە سەرووی 80 ساڵەوە بوو، هێشتا بە حەسرەتەوە بوو بۆ كۆبانێ و ئاواتی گەڕانەوە بۆ خاكی باب و باپیرانی دەخواست، ئەو بە نیگەرانییەكی زۆرەوە سەرەتا باسی زێدی خۆی كرد و دواتر سوپاسی سەرۆكی كوردستان و خەڵكی كوردستانی كرد بۆ بەدەنگەوەهاتنی خەڵكی كۆبانێ، وتیشی: «ئێمە كە لەتوركیا بووین، پێوەندیمان بە خزم و دۆستەكانمان لە كەمپەكانی كوردستانی باشوور كرد، ئەوانیش هەروایان پێ وتین كە خەڵكی كوردستان هاوكاری و پاڵپشتییەكی باشیان كردوون، هەر بۆیە روومان لە كوردستانی باشوور كردو لێرە هەست بەئارامی دەكەین».
عەمانی خەلۆ، وەك دایكێك سەبارەت بەدابینكردنی شیر و دایبی منداڵ و پێداویستیەكانی دیكەی منداڵان وتی: «ترسی ئێمە لەدەستچوونی منداڵەكانمان بوو، چونكە لە توركیا لە بارودۆخێكی زۆر خراپدا بووین و باری دەروونی و تەندروستییان باش نەبوو، سوپاسی كاربەدەستدانی كەمپەكە و رێكخراوە خێرخوازەكانیش دەكەین كە جلوبەرگ و پێداویستی شیر و دایبی منداڵانیان بۆ دابین كردووین».

داواكاری و پێداویستی كۆبانێ لەكەمپی گەویلان
لە درێژەی بەسەركردنەوەو گفتوگۆكردن لەگەڵ ئاوارەكانی كۆبانێ لە كەمپی گەویلان و سوپاسی خەڵكی ئەو شارە خۆڕاگرە بۆ خەڵكی كوردستان و سەرۆكەكەی، هاوكات لەبەر ئەوەی ئەوان لە توركیا لە دۆخێكی نالەبار و تەندروستی خراپدا بوون، زۆربەیان جەختیان لەوە دەكردەوە كە باری دەروونی و تەندروستییان باش نییە، هەربۆیە چەندین داواكاری و پێشنیاریان بۆ باشتركردنی باری ژیانیان هەبوو. هەر لەوبارەیەوە عایشە وتی: «بەڕێگرتنی ژیان لەناو چادر كارێكی قورس و گرانە، بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و سەرما و سۆڵە، بۆیە داواكارم كابینە، یا تەنیا ژوورێكمان بۆ دروست بكەن، چونكە لەكاتی با و بۆران چادرەكانمان تێكدەچێت و هەڵگیرسانی سۆپاش مەترسیی ئاگركەوتنەوەی هەیە».
رێگەی سەرەكیی كەمپەكە كە دوور لە رێگەی سەرەكی نێوان (كەڵەك - بەردەرەش)ـە قیرتاو نەكراوەو لەكاتی بارانبارین هاتوچۆكردنی ئۆتۆمبێلیش كێشەی بۆ دروست دەبێت، تەنانەت لەناو كەمپەكەشدا شەقامە سەرەكییەكان و كۆڵانەكان قیرتاو نەكراون. لەم رووەوە محەمەد عادل لە رێگەی گۆڤارەكەمانەوە داوای لە كاربەدەستدانی كەمپەكە كرد، بەرنامەیان بۆ قیرتاوكردن یا چەوڕێژكردنی كۆڵانەكان هەبێت، تا ئاوارەكان بەهیلاك نەچن، ئەم هاووڵاتییەی كۆبانێ داوای كرد قوتابخانە بۆ منداڵەكانیان بكرێتەوە، تاوەكو لە خوێندن دوانەكەون، چونكە بەپێی قسەكانی رەنگە شەڕەكانی نێوان كورد و داعش درێژە بكێشێت و ئەوان بۆ ماوەیەكی زۆر لێرە بمێننەوە. هەر سەبارەت بە داواكاری و پێداویستییەكانیان ئافرەتەكانی كۆبانێ زۆر جەختیان لەسەر بنكەی تەندروستی و باشكردنی چارەسەرییەكان و هێنانی پزیشكی ئافرەتان دەكردەوە . هەر یەك لە عەبدوڵا لەتیف و عەبدوڵڕەزاق یوسف داوایان لە سەرۆكی هەرێم كرد كارئاسانیان لە رووی ئیقامەو هاتوچۆكردنەوە بۆ بكرێت و رێگە بە گەنجەكانیان بدرێت، بچنە شارەكان بۆ دۆزینەوەی كار، پێشنیاریشیان كرد كە نووسینگەی كار لە كەمپەكان بۆ كوردانی رۆژئاوا بكرێتەوە، چونكە ئەوان پێویستیان بە دۆزینەوەی كار هەیە. لەلایەكی دیكەوە لەناو كەمپەكە ژمارەیەك لە گەنجەكان داوایان لە رێكخراوە خێرخوازییەكان كرد، زیاتر گرنگی بە خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی و كارەبا بدرێت و بوارەكانی تەندروستی پشتگوێ نەخرێت، بە پێویستیان زانی، هانی خەڵكی كوردستان بدرێت شێوازی هاوكارییەكانیان لە جلوبەرگ و پێداویستی و بێخەف و كەلوپەلەوە بگۆڕن بۆ كۆكردنەوەی كۆمەكی دارایی، تاوەكو ژیانی ئاوارەكانیش لەناو كەمپەكان بەو یارمەتییە داراییانە لە چادرەوە بۆ كابینە یاخود دروستكردنی ژوور بگۆڕدرێت.
Top