گۆڕینی فاكتەرەكانی قەیرانی ئابووری بۆ چارەسەركردن و رێكخستنەوەی كەرتی تایبەت

گۆڕینی فاكتەرەكانی قەیرانی ئابووری بۆ چارەسەركردن و رێكخستنەوەی كەرتی تایبەت
ئەگەر پرۆسەی وەرچەرخان بەرەو دیموكراتی لە رووی سیاسییەوە كارێكی زەحمەت و پڕ ئاستەنگ بێت، ئەوا لەسەر ئاستی ئابووریش كە پرۆسەی وەرچەرخان لە ئابووری دەوڵەتەوە بۆ ئابووری بازاڕ كارێكی ئاسان نییە و ئاستەنگ و گرفتەكانیشی لە ئاستەنگ و گرفتە سیاسییەكان كەمتر نییە، بەتایبەتیش بۆ بارودۆخێكی تایبەتی وەك هەرێمی كوردستان كە هەتا ئێستا بەشێكە لە عێراقێك كە لەگەڵ دەستپێكی دووبارە بونیادنانەوەی ئەم وڵاتە وەك دەوڵەت لە دوای ساڵی 2003 ـەوە ئارامی و سەقامگیری و ئاسایشی بە خۆوە نەبینیوە و ئەم بارودۆخەی عێراقیش لە بواری سیاسی و ئابووری، كاریگەری راستەوخۆی لەسەر هەرێمی كوردستان دروستكردووە، بەتایبەتی لە بواری ئابووری كە هەموو كات حكومەتی ناوەندی بەغدا رێگر بووە لە بەردەم بونیادنانی ئابوورییەكی سەربەخۆ لە هەرێمی كوردستاندا، لەمەش زیاتر دوای ئەوەی لە سەرەتای ساڵی 2014ـەوە بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕیوە و چەند مانگیشە هەرێمی كوردستان كەوتۆتە ناو شەڕێكی گەورەی تیرۆریستانی داعش، بۆیە هەموو ئەم فاكتەرانە بوونە هۆكاری ئەوەی كە ئابووریی كوردستان جۆرێك لە قەیران بە خۆوە ببینێت.
لەوانەیە قەیرانی ئابووری لە هەرێمی كوردستان جیاواز لە وڵاتانی دیكە، هێندەی پێوەندی بەوە هەبێت كە لە چەند ساڵی رابردوو هەرێمی كوردستان لە وڵاتێكی كاولكراوی دوای شەڕ و پشتگوێ خراو لەلایەن رژێمەكانی پێشووی عێراقەوە، زیاتر سەرقاڵی بونیادنانەوەی ژێرخانەكانی هەرێمی كوردستان بووبێت لە هەرێمەكە و هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە پرۆسەی پەرەپێدان بگۆڕێت بۆ پرۆسەی پەرەپێدانی بەردەوام و ئابوورییەكی پشت بەخۆ بەستوو لە هەموو بورەكاندا، كە لە كاتێكدا رووبەڕووی بڕینی بودجە لەلایەن بەغدا و هەروەها تێوەگلانی لە شەڕی تیرۆریستانی داعش بووەوە، بۆیە لەم بارودۆخە هەستیارەدا كە لەلایەك هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕێكی بەرفراوندایە، لە هەمان كاتدا خەڵكی كوردستانیش لە بارێكی ئابووری سەختدایە، ئەمەش پێویستی بە توێژینەوە و بەدواداچوون هەیە، بۆ ئەوەی بتوانرێت سەرلەنوێ ئابووریی كوردستان رێكبخرێتەوە.
Top