هادی عامری: تورکیا بەنیازە هێرش بکاتە سەر چیای شنگال
هادی عامری، ئەمڕۆ شەممە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "زانیاریی هەواڵگریی باوەڕپێکراومان هەیە کەوا سوپای تورکیا بەنیازە هێرش بکاتە سەر چیای شنگال، بۆیە دەبێ حکومەتی تورکیا دەستبەرداری ئەو هەڵسوکەوتە دووژمنکارانەی بێت، کە خزمەتی بەرژەوەندی عێراق و تورکیا ناکەن، بەڵکو کاریگەریی زۆریان لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەبێت".
هادی عامری لەو راگەیێندراوەیدا باس لەوە دەکات، "چاوەڕوان بووین حکومەتی تورکیا هێزەکانی بە تەواوەتی لە خاکی عێراق بکشێنێتەوە، چ لە باشیک بێت یان لەو سنوورەی کە لەم دواییە داگیری کرد، نەک زیاتر داگیرکاری بکات، بۆیە پێویستە حکومەتی عێراق هەموو رێکارێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دەستدرێژییە بۆ سەر خاکی عێراق".
هێزە چەکدارەکانی عێراق و حەشدی شەعبی و دەزگا ئەمنییەکان بە گوتەی عامری، "بە پشتیوانی خودا" دەتوانن بەرگری لە خاکی عێراق بکەن.
سەبارەت بە ئەگەری هێرشی تورکیا بۆ سەر شنگال و حەشدی شەعبی، عەبدولڕەحمان ئەلجەزائیری، فەرماندە لە حەشدی شەعبی سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراق، پێشتر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، "هەر هێرشێک لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە بۆ سەر حەشدی شەعبی بە زیاتر لەوەی تورکیا پێشبینی دەکات وەڵام دەدرێتەوە، چونکە ئێمە هێزمان هەیە و ئامادەکاری تەواومان لەو ناوچەیە کردووە، بە تایبەت لە موسڵ و ناوچە سنوورییەکانی نێوان دهۆک و تورکیا، بەڵام ئێمە چاوەڕوانی فەرمانە سەربازییەکانین".
رۆژی چوارشەممە 10ـی شوباتی 2021، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی چڕنووکی هەڵۆ-2ـی لە چیای گارە لە باشووری کوردستان لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە راگەیاند.
هاوکات ئیبراهیم کاڵن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لەبارەی ئەگەری ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ سەر شنگال، بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاندبوو، چاودێری پێشهاتەکان دەکەن، ئەگەر بێتو هەڕەشەکان کۆتاییان نەیێت، ئۆپەراسیۆن بۆ سەر شنگال یەکێک دەبێت لە ئەگەرە کراوەکان.
rudaw -
