کازمی: هەلێکی مێژووییمان بۆ بەدەستهێنانەوەی متمانەی گەلەکەمان لەپێشە
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی شەممە 2021/02/13 لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا لە یادکردنەوەی ساڵڕۆژی شەهیدکردنی ئایەتوڵڵا سەید محەممەد باقر حەکیم رایگەیاند، ساڵی رابردوو هاوشێوەی ئەم رۆژانە هەمووان هەستیان کرد کەوا گەلەکەمان لە پرۆسەی سیاسی بێهیوا بووە و متمانەی بە دەوڵەت نەماوە، چونکە ئەو کات عێراق دووچاری مەترسیی مان و نەمان بووەوە."
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە کازمی ئاماژەی بەوە داوە: " هەرکەسێک لێکدانەوەی خۆی بۆ بابەتەکە هەیە، بەڵام من دەڵێم ئەو راستییەی کە باوەڕم پێیەتی ئەوەیە گەلی عێراق گەیشتە قۆناخی بێهیوایی و بێئومێدی لەوەی دەوڵەت ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر گەلەکەی بەجێبگەیەنێت. ئێستایش بۆ بەدەستهێنانەوەی متمانەی گەلەکەمان و متمانە بە سیستمی دیموکراتی و هەڵبژاردنەکان وەک رێگەیەک بۆ گۆڕین هەلێکی مێژووییمان لەپێشە، بۆیە دەبێت بۆ پێکەوە راستکردنەوە و هەستانەوە و کەوتنەرێ بەرەو ئایندە بیقۆزینەوە."
مستەفا کازمی باسی گوتووشیەتی: "بۆیە لە هەموو بوارەکاندا کارم بۆ بەدەستهێنانەوەی بەرنامەی دەوڵەت کرد، چونکە مەبەستەکە بەدەستهێنانەوەی متمانەی گەلە بە دەوڵەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت، نەک لاوازکردنی لایەنە سیاسییەکان یان دروستکردنی ململانێ، کەچی ئەمڕۆ ئاستەنگ لە بەردەم حکومەتدا دروست دەکرێت بۆ رێگەگرتن لەوەی دەستکەوتی هەبێت بۆ ئایندەی گەلەکەمان، هەروەها بۆ ئەوەی ئەم گەلە بە دیلی بێهیوایی و بێئومێدی بمێنێتەوە، بەڵام من وەڵامی درۆ و تۆمەتەکان نادەمەوە، بۆ ئەوەی عێراق نەخزێتە نێو ململانێ چ لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا بێت یان لەنێوان حکومەت و پەرلەماندا."
rudaw -
