عێراق: هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە پلانی پاراستنی پاپادا بەشداری دەكات
لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق گوتی: "لە رێگەی چاودێری و زانیاریی هەواڵگرییەوە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە پلانی ئەمنیی تایبەت بە پاراستنی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان بۆ عێراق بەشدار دەبێت."
خەفاجی گوتیشی: "رێگە بە روودانی هیچ پێشێلكاریەكی ئەمنی نادەین، سەردانەكەیش زۆر گرنگە و دەمانەوێت پارێزگاری لە ناوبانگی عێراق بكەین."
دووشەممەی رابردوو بەرنامەی تایبەت بە سەردانەكەی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق بڵاوکرایەوە كە بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی رۆژنامەڤانیی ڤاتیکان، سەردانەکە لە 5 تاوەکو 8ـی ئاداری 2021 دەبێت.
دواتر بەرەو کەنیسەی سەیدە نەجاتی سریانیی کاسۆلیکی لە بەغدا بەڕێدەکەوێت و لەگەڵ پیاوانی ئایینی کۆدەێتەوە.
هەروەها رۆژی شەممە 6ی ئاداری 2021 پاپا بەرەو نەجەف بەڕێدەکەوێت، چاوی بە عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی باڵای شیعەکان دەکەوێت. دواتر دەچێتە شاری ئووری شوێنەواری و بۆ ئێوارەکەی لە بەغدا بەشداریی رێوڕەسمی کەنیسەی مار یوسفی کلدانی دەکات.
رۆژی 7ی ئادار پاپا لە بەغداوە بەرەو هەولێر بەڕێدەکەوێت و چاوی دەکەوێت بە دەسەڵاتداران و پیاوانی ئایینی و پاشان بەرەو موسڵ بەڕێدەکەوێت و لەوێ نوێژ بۆ گیانی قوربانیانی جەنگ دەکات.
دواتر سەردانی کەنیسەی تاهیرە گەورەی قەرەقووش دەکات و نوێژی موژدەدەری لەگەڵ خەڵک دەکات. دواینیوەڕۆکەیشی جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە هەولێر و لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری بەشداریی رێوڕەسمێک دەکات.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، رۆژی دووشەممە 8ی ئاداری 2021 پاپا دەگەڕێتەوە بەغدا و لەوێ رێوڕەسمی ماڵئاوایی بۆ رێکدەخرێت و دواتر عێراق جێدەهێڵێت و دەگەڕێتەوە ئیتاڵیا.
rudaw -
