ئەندامێكی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق: شەپۆلی نوێی كۆرۆنا وڵاتی گرتووەتەوە

ئەندامێكی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق: شەپۆلی نوێی كۆرۆنا وڵاتی گرتووەتەوە
ئەندامێكی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، عێراق لەنێوان چەند وڵاتێكدایە كە شەپۆلێكی فراوانی نوێی كۆرۆنا بە خۆیانەوە دەبینن و چەند رۆژێكە عێراقیشی گرتووەتەوە.

فالح زیادی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند: "عێراق لەنێوان چەند وڵاتێكدایە كە شەپۆلێكی فراوانی كۆرۆنا بە خۆیانەوە دەبینن و شەپۆلەکە دەستی پێکردووە و ئەمەش پێشبینیكراو بوو."

بە گوتەی زیادی، ئێستا شەپۆلی نوێی كۆرۆنا لە عێراق بڵاوبووەتەوە كە نابێت پشتگوێ بخرێت و دەڵێت: "پێویستە لە دوو لایەنەوە ئامادەكاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی بكرێت: لە رووی چارەسەرەوە كە پەیوەستە بە وەزارەتی تەندروستی و دابینکردنی دەرمان مەشقپێكردنی فەرمانبەران، ئامادەكردنی قەرەوێڵە و ئامێری پزیشكی و پێداویستیی دیکە دەگرێتەوە."

هەروەها هۆشداری لە پابەندنەبوون بە رێكارەكانی خۆپارێزی دا و گوتی: "بەرپرسیارێتیی خۆپارێزی بەرپرسیارێتییەكی هاوبەشە لەنێوان كۆمەڵگە و حكومەتدا. هاووڵاتییان بە تەواوی پابەندی رێكارەكانی خۆپارێزی نابن. دەزگاكانی حكومەتیش لە هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییان و گرتنەبەری رێكارەكانی خۆپارێزی کەمتەرخەمن. ئەگەر رەوشەكە بەم شێوەیە بمێنێتەوە و هاووڵاتییان هاوكار نەبن، كارەسات روودەدات."

لەبارەی دابینكردنی ڤاکسینی كۆرۆناوە، ئەو ئەندامەی لیژنەی تەندروستی و ژینگە گوتی: "وەكو لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمان داوامان لە وەزارەتی تەندروستی كردووە لە چەند سەرچاوەیەكەوە ڤاکسین دابین بكات، چونكە عێراق 40 ملیۆن كەسە و زۆربەی كۆمپانیاكانیش بڕێكی كەم ڤاکسین دەدەن، بۆیە داوامان لە حكومەت كرد پارەی پێویست بۆ كڕینی پێكوتەی زیاتر دابین بكات بۆ ئەوەی وەزارەتی تەندروستی گرێبەست لەگەڵ چەندین كۆمپانیای گرنگی جیهانی بكات تاوەكو بتوانێت‌ زۆرترین ڤاکسین دابین بكات."

فالح زیادی پێیوایە گەیشتن و نەگەیشتنی ڤاکسین رێگری لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا ناکات، بەڵكو كەمی دەكاتەوە. بۆیە نابێت 100% پشتی پێببەسترێت و گوتی، وڵاتی پێشكەوتوو هەیە پێكوتەشیان بەكارهێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی تووشبوون روو لە هەڵكشانە، "بۆیە پێویستە زیاتر پشت بە رێكارەكانی خۆپارێزی ببەستین و دواتر پێكوتە."

تائێستا 636 هەزار و 908 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، 603 هەزار و 814 لەو تووشبووانە چاکبوونەتەوە، واتە 94.8%ـی تێکڕای تووشبووان. هەروەها 19 هەزار و 950 تووشبووی کۆرۆنا هێشتا چارەسەر وەردەگرن، 233 لەو تووشبووانە لەژێر چاودێریی چڕدان، 13 هەزار و 144 تووشبووی کۆرۆنایش مردوون.
rudaw -
Top