82 وەزیر و بەرپرسی عێراق بەتۆمەتی گەندەڵی لەلایەن دادگاكانەوە داواكراون

82 وەزیر و بەرپرسی عێراق بەتۆمەتی گەندەڵی لەلایەن دادگاكانەوە داواكراون
ئەمڕۆ پێنجشەممە دەستەی دەستپاكیی عێراق ئاشكرای كرد 82 وەزیری كابینەكانی حكوومەت و بەرپرسانی باڵای عێراق بە تۆمەتی گەندەڵی لەلایەن دادگاكانەوە داواكراون.

دەستەكە ڕوونی كردووەتەوە كە لە لێكۆڵینەوەكانیاندا گەیشتوونەتە ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری سێ هەزار و 111 فەرمانی ئامادەبوون لەبەردەم دادگا دەربكات، لە ناو ئەم ژمارەیەدا تەنها 941 كەس ئامادەی بەردەم دادگاكان بوون.

هەروەها لە راگەیاندراوی دەستەكەدا ئەوەش هاتووە كە لەناو ئەو كەسانەی داواكراون، هەشت وەزیر و بەرپرسی لە پلەی وەزیر هەن، سەرباری دەركردنی 133 فەرمانی ئامادەبوون لەبەردەم دادگا بۆ 74 بەرپرسی دیكە لە پلە تایبەتەكان و بەڕێوەبەرە گشتییەكان.

دەستەی دەستپاكی ئاماژەشی بەوە كردووە كە ساڵی رابردوو شەش هەزار و 546 فەرمانی ئامادەبوون لەبەردەم دادگا دەركراوە، تیایدا چوار هەزار و 760یان جێبەجێ كراون،

هەروەها لە ساڵی رابردوودا 74 فەرمانی ئامادەبوون لەبەردەم دادگا بۆ 52 وەزیر و كەسانی لە پلەی وەزیر دەرچوون، لەگەڵ 491 فەرمان لە دژی 369 بەرپرسی باڵا.












باسنيوز

Top