بەشێک لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی: گەورە و بچووک ئامادەین چەک هەڵگرین

بەشێک لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی: گەورە و بچووک ئامادەین چەک هەڵگرین
ساڵێک بەر لە ئێستا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا قاسم سولەیمانی، جەنەراڵە بێ سێبەرەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەبومەهدی موهەندیس، کەسی یەکەمی حەشدی شەعبیی لەنزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوشت، ئێستاش یەکێک لە دروشمە سەرەکییەکانی لایەنگرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس بریتییە لە "تۆڵەسەندنەوەمان لەبیرنەچووە قاسم".

لە ساڵڕۆژی کوشتنی ئەو دوو سەرکردە شیعەیە، لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە گۆڕەپانی تەحریر دروشمی سەرەکییان تۆڵەسەندنەوە و دەرکردنی ھێزە بیانییەکانە، لە سەروو ھەمووشیانەوە ئەمریکا.

سەرکردەکانی حەشدی شەعبی نایشارنەوە کە ھەندێک لایەن نیازی رووبەڕووبوونەوەی سەربازییان ھەیە لەگەڵ ئەمریکا و دەڵێن، ئەمە رێگە راست و دروستەکەیە.

ئەبو مونتەزەر سەغیر، بەرپرسی یەکەمی حەشدی شەعبی لە بەغدا دەڵێت "بۆچوونی دیکە کە بەشێکی زۆر لە گەلی عێراقی بە راستی دەزانن، ئەوەیە کە رووبەڕووبوونەوە تاکە چارەسەرە، ئەمەش بۆ بڕیاری سیاسی جێماوە، بەڵام رای تاکە کەسیم ئەوەیە کە ھەوڵی سیاسی چارەسەر نییە، چونکە ئەمریکا ھاتووە بۆئەوەی خێر و بێراتی عێراق بخوات، نەک سوودی ھەبێت بۆ عێراق، ئەم کارەشیان رەتکراوەیە".

مانگی یەکی ساڵی 2020 کاتێک گۆڕەپانی تەحریر جمەی دەھات لە خۆپێشاندەرانی دژبەرانی ئێران و لایەنگرانی، ھەواڵی کوژرانی سولەیمانی و موھەندیسیان پێ گەیشت، ئەوکات خەڵک دڵخۆش بوون و سوپاسی ئەمریکایان دەکرد، کەچی ئێستا لایەنگرانی حەشد و نزیک لە ئێران ھەڕەشە لە ئەمریکا دەکەن.

جەواد کازم، فەرمانبەری عێراقی دەڵێت "بێگومان راستییەکە ئەوەیە بگەڕێینەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی سیاسی، بەڵام ئەمانە لە ھیچ تێناگەن جگە لە زمانی ھێز نەبێت". حامد کوفی، چەکداری حەشدی شەعبی دەڵێت "ئەمڕۆ گردبووینەوە بۆئەوەی نامەیەک بۆ ھەموو دونیا بنێرین کە چیدیکە نابێت ھێزی داگیرکەر لە خاکی عێراق بمێنێت".

دانیشتوویەکی بەسرە بەناوی عەلی ریاز باس لەوە دەکات، ئەوان "وەکو موجاھیدین ھەموو گرووپەکانی مقاوەمە، گەورە و بچووک، ئامادەین چەک هەڵگرین".

ساڵیادی کوژرانی سولەیمانی و موھەندیس پاش چەند رۆژێک لە ناکۆکیی تووندی نێوان حکومەتی عێراق و گرووپە چەکدارییە لایەنگرەکانی ئێران دێت، کە تۆمەتبارن بە مووشەک گرتنە ناوچەی سەوزی بەغدا، لەکاتێکدا حکومەتی عێراق هەوڵدەدات ئەو گرووپانە کۆنترۆڵ بکات و رێگەی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکایان لێبگرێت؛ بۆ ئەوەش حکومەت پەنای بردووەتە بەر زیادکردنی هێزەکانی لەسەر شەقامەکانی بەغدا، بەتایبەت لە دەوروبەری ناوچەی سەوز، کە باڵیۆزخانەی ئەمریکای لێیە.
rudaw -
Top