خۆپیشاندەران دەست بەسەر دوو گۆڕەپانی بەغدادا دەگرنەوە

خۆپیشاندەران دەست بەسەر دوو گۆڕەپانی بەغدادا دەگرنەوە
خۆپیشاندەرانی عێراقی لە دوو گۆڕەپانی بەغدای پایتەخت، پاشەکشە بە سوپای وڵاتەکەیان دەکەن.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 25-1-2020، سوپای عێراق بە زەبری هێز گۆڕەپان و شەقامە داخراوەکانی بەغدای کردەوە و کۆتایی بە مانگرتن و خۆپیشاندانەکان هێنا.

دوای کردنەوەی گۆڕەپان و شەقامەکان، دەیان خۆپیشاندەری بەغدا بەرەو گۆڕەپانەکانی خەلانی و وەسبە چوون و توانیویانە پاشەکشە بە سوپای وڵاتەکەیان بکەنەوە.

ئەو گۆڕەپانانە نزیکەی چوار مانگە بەخۆی خۆپیشاندانەکانەوە لەلایەن سوپای عێراقی بە پارچە کۆنکریتی گەورە داخرابوون و شەقام و پردەکەش لەلایەن خۆپیشاندەرانی مانگرتووەوە، گیرابوون.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.










باسنيوز

Top