لە شەقامەکانی بەغدا دروشم دژی ئەمریکا و ئیسرائیل هەڵدەواسرێت
دانیشتوویەکی بەغدا دەڵێت، خەڵک لەڕێگەی پۆستەرەکان توڕەیی خۆیان بەرامبەر پێشێلکردنی سەروەری عێراق لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکا پیشاندەدەن.
عەباس کامیل، دانیشتووی بەغدایە دەڵێت "حەشدی شەعبی و بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق، ئازایانە شەڕی داعشیان کرد و لە عێراق وەدەریان نان، بۆیەش کاتێک درۆنەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆردوومانی بنکە سەرەکییەکانی حەشدی شەعبی دەکەن، لە راستیدا ئەوان بۆردوومانی سەروەری عێراق دەکەن".
لەسەر زۆربەی شەقامەکانی بەغدا ئەو درووشم و پۆستەرانە بە ئاشکرا هەڵواسراون و دەبیندرێن. دانیشتوویەکی دیکەی بەغدا ئاماژە بەوە دەکات "ئەمڕۆ خەڵک، توڕەیی خۆیان لە دژی هێرشە دووبارەکان و پێشێلکارییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەن و ئیدانەیان دەکەن لەڕێگەی ئەم خۆپیشاندانانە لە شەقامەکانی بەغدا".
هەرچەندە ئەمریکا رەتیدەکاتەوە هیچ پەیوەندییەکی بە هێرشەکانەوە هەبووبێت، بەڵام بەشێک لە عێراقییەکان، بەتایبەتیش شیعە مەزهەبەکان بۆچوونیان وایە ئەمریکا بەرپرسە لەو دۆخە و لەو هێرشانەش کە دەکرێتە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی، چونکە ئەمریکا پشتیوانی ئیسرائیل دەکات، ئیسرائیل بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا ئەو هێرشانە ئەنجامدەدات.
