هاوپەیمانیی حەشدی شەعبی: مافی وەڵامدانەوەی ئیسرائیلمان هەیە
لە بەیاننامەیەکدا، فەتح رایگەیاندووە، مانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق، کە باس لە پاراستنی خاکی عێراق دەکەن، هیچ پێویست نییە.
فەتح لە بەیاننامەکەیدا، وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بە مافی میلیشیاکان دەزانێت و بەرپرسیارێتیی بۆردومانەکانی ئیسرائیلیش دەخاتە ئەستۆی ئەمریکا.
ئەو هاوپەیمانییە، بۆردومانکردنی بنکەکانی حەشدی شەعبی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە ”راگەیاندنی شەڕ لە دژی گەل و سەروەریی عێراق“ ناو دەبات.
لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا، چەندین جار بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی لەناوچە جیاوازەکانی عێراق کراونەتە ئامانج و ئیسرائیلیش ناڕاستەوخۆ دانی بە ئەنجامدانی هێرشەکان، ناوە.
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق، زیاتر لە 60 میلیشیا تائیفی لەژێر ناوی حەشدی شەعبی و بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دروست کران.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنيوز
