ڕەوشی مووسڵ ناجێگیرە و جموجووڵی چەكدارانی داعش لەزیادبووندایە
ساڵی ٢٠١٤ گرووپی تیرۆریستیی داعش شاری مووسڵی داگیر كرد و وەك پایتەختی خەلافەتەكەی ناساند، تا ساڵی ٢٠١٧ هێزە عێراقییەكان بە هەماهەنگی و پاڵپشتیی هێزی پێشمەرگە توانییان شارەكە لە داعش پاك بكەنەوە.
سالم شەبەك، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دیارى كرد: "حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا و تەواوی سنووری پارێزگای نەینەوا بووەتە مایەی نیگەرانیی هاووڵاتییان، ڕۆژانە حاڵەتی پێشێلكاری لە لایەن ئەو چەكدارانەوە تۆمار دەكرێت، ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانیی هاووڵاتییان و ئاوارە گەڕاوەكانی نەینەوا، هەر ئەمەیش بووەتە هۆی ئەوەی خەڵك جارێكی دیكە لە مووسڵ و دەورووبەری ئاوارەی كەمپەكانی سنووری هەرێمی كوردستان ببنەوە."
ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "ڕەوشی دەشتی نەینەوا، هەتا ناو مووسڵ زۆر خراپە و خەڵك لە ڕەوشێكی زۆر ناخۆشدا دەژین، حەشدی شەعبی سەرانە لە خەڵك وەردەگرێت، لێ ناگەڕێن خەڵك بە ئازادانە هاتوچۆ بكات، ئەوەش خەڵكی لە ناوچەكە ترساندووە، هەتا خەڵك لەوە دەترسێت جارێكی دیكە داعش دەست بەسەر مووسڵدا بگرێت، چونكە بارودۆخی شارەكە زۆر خراپە".
KDP
