د. مەحموود عوسمان: بەگژداچوونەوەی گەندەڵی بەناردنی بەرپرسە گەندەڵەکان بۆ دادگا دەست پێبکەن

 د. مەحموود عوسمان: بەگژداچوونەوەی گەندەڵی بەناردنی بەرپرسە گەندەڵەکان بۆ دادگا دەست پێبکەن
سیاسەتمەدارێکی کورد ڕایدەگەیەنێت، بەگژداچوونەوەی گەندەڵی بەوە نابێت تەنھا لەمیدیاکان باسی بکرێت و لایەنەکان دژی یەکتر بەکاری بھێنن و لیژنەی بۆ پێک بھێنن، بەڵکو پێویستی بەکردەوە ھەیە و دەست پێکردن بەلێپرسراوە باڵاکانی گەندەڵ کەدیارن و ناردنیان بۆ دەستگای دەسپاکی و دادگاکان تا ھاووڵاتیان بڕوا بکەن.

د. مەحموود عوسمان، سیاسەمەداری کورد لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک، نووسیویەتی: "عێراق لەسەر لیستی (شەفافیەت) ی جیھانی ژمارە (١٦٨) ە و ئەمە دەری ئەخات، کەزۆر بەرەو دواوە چووە، بەتایبەتی لەڕووی گەندەڵییەوە، کە کار ئەکاتە سەر ھەموو لایەنەکانی وڵات و کۆمەڵگا".

ئاماژەی بەوەش داوە، کە عادل عەبدولمەھدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، خۆی دەڵێت: "نیوەی کارەکەمان دەبێتە لەناوبردنی گەندەڵی". بۆ ئەو مەبەستەش: "لیژنەیەکی باڵای لەدەزگا پەیوەندیدارەکان، پێکھێناوە ".

د. مەحموود عوسمان، ھەروەھا نووسیویەتی: "لەڕاستیدا ئەم کارە گرنگە بەوە نابێت تەنھا لەمیدیاکان باسی بکرێت و لایەنەکان دژی یەکتر بەکاری بھێنن و لیژنەی بۆ پێک بھێنن، بەڵکو پێویستی بەکردەوە ھەیە و دەست پێکردن بەلێپرسراوە باڵاکانی گەندەڵ کەدیارن و ناردنیان بۆ دەستگای دەسپاکی و دادگاکان تا ھاووڵاتیان بڕوا بکەن، کە بەرەنگاربونەوەی جدی ھەیە بۆ گەندەڵی، ھەروەھا پێویستی بەئیرادەی سیاسی و ھاوکاری ھەموولایەکە، چونکە تەنھا باسکردنی و ناوزڕاندنی کەسایەتی یان دەزگاکان نیشانەی نەکردنی کارەکەیە".

ئەو سیاسەتمەدارە کوردە پرسیاری ئەوە دەکات، کە: "ئایا ئەو لیژنەیەی دانراوە دەستی ئەگاتە ئەو گەندەڵکارە باڵایانە؟ یان ھەرباسکردنە لەمیدیاکان و ناوزراندن بەردەوام ئەبێت بێ کارکردن".

جەختیش دەکاتەوە، گەندەڵی تیرۆریش زیاتر ئەکات و دەبێتە ھۆی داڕزاندنی دەزگاکان و زەرەری گەورەی بۆ وڵات و ناوبانگی و ھاووڵاتیان دەبێت و نەھێشتنی پێویستە لەپێشینە بێت بۆ حکومەتی فیدڕاڵ، ھەروەھا حکوومەتی ھەرێم کەبڕیارە دابمەزرێت، ئەگەر نا ساڵ بەساڵ ناو و ژمارەمان و ناوبانگمان لەسەر پێوەرە جیھانیەکان ھەربەرەو خوارەوە ئەڕوات و لەناوەوەش زەرەری گەورە ئەکەین.











باسنيوز
Top