فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق: سەرۆک بارزانی ڕۆڵی لە ڕاستکردنەوە هاوکێشەکاندا هەبوو
لە ڕاگەیەندراوێکدا فراکسیۆنی پارتی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە ئامانج لەم لێدوانانەی عەبادی “ شڵەژاندنی ئەو کەشە سیاسییە ئەرێنییەیە، کە ئێستا لە عێراق هاتۆتە ئارا”.
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بە ڕۆڵی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا دەکات، کە توانی ڕەوتی ڕووداو و هاوکێشەکان بخاتەوە سەر ئاراستە ڕاستەقینەکەی خۆی و تێیدا هاتووە : “ ئەو هەوڵانەی لەلایەن هەر دوو حکوومەتی فیدڕاڵی و هەرێم دەدرێن، بەرهەمی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی و دیدار و گفتوگۆکانییەتی لەگەڵ سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی بەغدا”.
فراکسیۆنی پارتی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و هەماهەنگیی ئێستای هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەری کێشەکان بە ئەرێنی و بەرپرسیار ناو دەبات، بەو پێیەی “ گوزارشت لە ڕوانگەیەکی سیاسیی نوێ دەکات، کە لە بەرانبەر پێکهاتەکانی عێراق بە گشتی و کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان بەتایبەتی بەرپرسیار دەزانێت، ڕوانگەیەک کە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ناوچەکە لەلایەن پێکهاتەکان خۆیانەوە بەڕیوە ببردرێت”.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لە گرنگیی بوونی هێزێکی هاوبەش لە ناوچەکەدا دەکات، بەوپێیەی “ زامنکردنی ئاسایش و سەقامگیری لەو ناوچانە پەیوەستە بە بوونی هێزێکی هاوبەش، کە بەیەکەوە ڕۆڵیان گێڕا لە تێکشکاندنی تیرۆر و پیکهاتەکانی عێراقیان لە زەبروزەنگ و تیرۆری داعش پاراست”.
ڕاگەیەندراوەکە دووپاتی دەکاتەوە کە “ کەشی سیاسیی ئێستا هاوکارە لە ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە، ئەویش بە پشت بەستن بە ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقی”.
فراکسیۆنی پارتی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئەوە ئاشکرا دەکات کە پێشوازیێکی گەرمی نێوخۆیی و دەرەکی لەم ڕوانگە سیاسییە نوێیە کراوە و دەڵێ: “ پێشوازی و پشتیووانیێکی نیشتمانی و نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی لە بوونی هێزێکی هاوبەش دەکات لەپێناو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لەو ناوچانەدا”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا دووپاتی کراوەتەوە “ ئەم ڕوانگە سیاسییە بەرپرسیارە جەخت کردنەوەیە لەسەر ئەوەی، کە دەرەنجامی سیاسەتە هەڵەکانی حکوومەتی پێشوو، کەرکووک بە سەربازی کراوە و بە بەشداریپێکردنی هێزە چەکدارەکانیش لە یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان، دەستووری عێراقی پێشێل کراوە”.
باسنيوز
