بەهۆی سوكایەتی حەشدی شیعی هاووڵاتییانی موسڵ داوایەکی بەپەلە لە عادل عەبدولمەهدی دەکەن
ئەمڕۆ سێشەممە 29-1-2019، ئەحمەد جەڕبا، پەرلەمانتاری نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا، داواکارییەکەی بۆ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ناردووە.
ئەحمەد جەڕبا داوای عادل عەبدولمەهدی کردووە فەرمانی بڵاوکردنەوەی سوپای عێراق لە هەموو شار و شارۆچکەکانی نەینەوا بە تایبەت رۆژئاوای مووسڵ، دەربکات.
ئەو پەرلەمانتارە دوو هۆکاری بۆ ئەو داوایە باس کردووە، کە بریتین لە؛
- پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە.
- رێگریکردن لە ئەو لایەنە سەربازییانەی سووکایەتی بە هاووڵاتییان دەکەن.
دوای رزگارکردنەوەی مووسڵ و هەموو شارۆچکەکانی نەینەوا لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، چەندین میلیشیای حەشدی شەعبی لەو ناوچانە جێگری بوون و بە گوتەی لایەنە سیاسییە سوننەکان، چەکدارانی ئەو میلیشیا شیعییانە چەندین تاوانیان دەرهەق بە خەڵکی سوننەمەزهەبی نەینەوا ئەنجام داوە.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنیوز
