عادل پێکهێنانی حکوومەت پێش دەخات

عادل   پێکهێنانی حکوومەت پێش دەخات
سیاسەتمەداری راسپێردراو بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق لە بڕیارێکی خۆی پەشیمان دەبێتەوە.



پێشتر عادل عەبدولمەهدی، راسپێردراو بە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق لە ماڵپەڕێکی ئەلیکترۆنیدا فۆرمێکی دانابوو بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی عێراق پڕی بکەنەوە، بەمەبەستی دیاریکردنی وەزیرەکانی کابینەکەی لەناو ئەو فۆرمانە.



سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار لە بەغدا بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی راگەیاندبوو، کوتلە و حزبە سیاسییە عێراقییەکان ناوی کاندیدان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری لە کابینەی نوێی حکوومەت داوەتە عادل عەبدولمەهدی، بەمەش دەردەکەوێ، کە هیچ کەسێک بە سیڤی و پڕکردنەوەی فۆرمەکە، ناکاتە وەزیر.



ئەو سەرچاوەیە هەروەها رایگەیاندووە، کە عەبدولمەهدی بە نیازە رۆژی 24/10/2018 کابینەی نوێی حکوومەتەکەی پێشکەشی پەرلەمان بکات بەمەبەستی پەسەندکردنی.



هەروەک رۆژنامەکە بڵاوی کردووەتەوە، سەرچاوە سیاسییەکە باسی ئەوەیشی کردووە، کە عادل عەبدولمەهدی لە بڵاوکردنەوەی فۆرمەکەدا نیازی نەبووە وەزیر لەڕێگای سیڤییەوە هەڵبژێرێت، بەڵکو ویستی بەهۆی ئەو فۆرمەوە، گوشار بخاتە سەر حزبەکان تا کاندیدەکانیان لە ماوەیەکی کورتدا، پێشکەش بکەن.



تا ئێستا زیاتر لە 36 هەزار کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان فۆرمەکەی عەبدولمەهدییان پڕ کردووەتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری لە حکوومەتی نوێی عێراق.



دوای نزیکەی پێنج مانگ لە هەڵبژاردن، رۆژی 2/10/2018 لایەنە عێراقییەکان رێککەوتن لەسەر راسپاردنی عادل عەبدولمەهدی، سیاسەتمەدار و سەرکردەی پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، کە بەپێی دەستوور، ماوەی یەک مانگی لەبەردەستە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی وڵاتەکەی.



رۆژی شەممە 12/5/2018 پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا و رۆژی 19/8/2018ش دادگای فیدڕالیی عێراق ئەنجامەکەی پەسەند کرد.



باسنیوز
Top