سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان: لەسێدارەدان لە عێراق شێوازێکی دڕندانەیە

 سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان: لەسێدارەدان لە عێراق شێوازێکی دڕندانەیە
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت، کە عێراق و سێ وڵاتی دیکەی جیهان، شێوازی دڕندانەی لەسێدارەدان بەکار دەهێنن.



ئەنتۆنیۆ گۆتێرس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانی وتارێکدا لە رۆژی رەتکردنەوەی سزای لەسێدارەدان (رۆژی 10ـی مانگی 10)، رایگەیاندووە، رێژەی %87 لەسێدارەدانەکانی جیهان کەوتووەتە هەر چوار وڵاتی عێراق، ئێران، چین و سعودیە.



ئەنتۆنیۆ گۆتێرس هەروەها رایگەیاندووە، کە بەشێک لە وڵاتانی جیهان سزاکە و هەنگاوەکانی سەپاندنی ئەو سزایە لە تۆمەتباران دەشارنەوە و پێیان راناگەیەنن، ئەمەش ناشەفافیی پرۆسەی دادگاییکردنەکە نیشان دەدات.



سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لەو چوار وڵاتە و وڵاتانی دیکە کردووە، دەستبەرداری ئەو ”شێوازە دڕندانە“یە بن چیتر سـای لەسێدارەدان بەسەر هاووڵاتییاندا جێبەجێ نەکەن.



لە عێراق، هاووڵاتییان بەهۆی جیاوازیی نەتەوەیی و تائیفی بەتۆمەتی تیرۆر دەستگیر دەکرێن و بەشێوەیەکی سەرپێی دادگایی دەکرێن و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەردەکرێت.





باسنيوز
Top