عەبادی چەند بڕیارێکی نوێ دژی کوردستان دەردەکات
بەپێی راگەیەندراوێکی کۆبوونەوەکە "دەبێ تۆڕەکانی مۆبایل بخرێنە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی و بگوازرێنەوە بۆ بەغدا. دەبێ هەنگاوی نوێ بنرێ بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی بۆ هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشەلەسەرەکان و، رێکاری یاسایی لەبەرامبەر ئەو فەرمانبەرانە دەگیرێتەبەر کە کارمەندی دەوڵەتن لە هەرێمی کوردستان و رێوشوێنەکانی گشتپرسییان جێبەجێ کردووە".
دەقی راگەیەندراوەکە کە باسی سزاکان دەکات:
لەبارەی گشتپرسییە نادەستوورییەکەی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنەکە بەدواداچوونی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پێشووی کرد، هەروەها چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی ناوەندی بۆ هەرێم و ناوچە کێشەلەسەرەکان و جەختیش کرایەوە لەوەی ئەو رێوشوێنانە بۆ سزادان و دژی هاونیشتمانیانی کورد نین، بەڵکو لە بەرژەوەندی ئەواندایە".
ئەنجوومەنەکە بەدواداچوونی بۆ بەرزکردنەوەی داواکاری لەلایەن داواکاری گشتی کرد لەپێناو شوێنکەوتنی هەموو ئەو کارمەندانەی دەوڵەت کە بەپێچەوانەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، رێوشوێنەکانی گشتپرسییە نادەستوورییەکەیان جێبەجێ کردووە، هەروەها لیستێک بەناوی تۆمەتبارەکان ئامادەکراوە بۆ ئەوەی رێوشوێنی یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر".
هەروەها ئەنجوومەنەکە بەدواداچوونی بۆ ئەو رێوشوێنانە کرد، کە لەلایەن گرووپی سەندنەوەی پارەی عێراق گیراونەتە بەر، ئەمەش لەڕێگەی بەدواداچوون بۆ ئەژمارەکانی کوردستان و بەرپرسانی هەرێم، ئەوانەی پارەی هەناردەکردنی نەوت دەچێتە سەر ئەژمارەکانیان و، راپۆرتی لیژنەی تایبەت بەو مەلەفە نیشاندرا، ژمارەیەکی زۆر بڕیاری تێدا هاتووە، کە رێگەخۆشکەر دەبن بۆ گەڕاندنەوەی پارەی عێراقییەکان و راوەدوونانی گەندەڵەکان".
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی هەروەها بڕیاری دا تۆڕی پەیوەندییەکانی مۆبایل کە لەژێر دەسەڵاتی ناوەندیدایە، بگوازرێتەوە بەغدا.
ئەنجوومەنەکە بەدواداچوونی بۆ داوای فەرمیی بەغدا لە ئێران و تورکیا کرد، کە داوای کردووە تەنیا مامەڵە لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا بکەن و هەموو دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە دابخرێت هەتاوەکو حکومەتی ناوەندی بەڕێوەبەرییەتی سنوورەکان دەگرێتە دەست، هەروەها هەموو مامەڵە بازرگانییەکان بووەستێنرێت، لەبارەی هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان، تەنیا مامەڵە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بکرێت، جگە لەوانە ئەنجوومەنەکە چەند بڕیارێکی دیکەی لەوبارەیەوە دا.
روداو
