عەرەبە سوننەکانی عێراق هەوڵی دروستکردنی هەرێمێک دەدەن

 عەرەبە سوننەکانی عێراق هەوڵی دروستکردنی هەرێمێک دەدەن
سوننەکان جارێکی دیکە هەوڵی خۆ رێکخستنەوە دەدەن و دەیانەوێت ئەنجوومەنێک بۆ گشتپرسی پێک بهێنن. سەرکردەیەکی سوننە دەڵێت:"بە گشتپرسی داهاتووی خۆمان دیاری دەکەین". بەڵام بەشێک لەسەرکردە سوننەکان کە پێشتر داوای هەرێمی سوننەیان دەکرد ئێستا دژایەتی دروستبوونی ئەو هەرێمە دەکەن.

لەدوای گشتپرسی باشووری کوردستان لەنێو عەرەبی سوننە پرسی گشتپرسی گەرموگوڕتر باسی لێوەدەکرێت و بەشێک لەسەرکردە سوننەکانی عێراق دەیانەوێ بەمەبەستی دامەزراندنی هەرێمێکی سوننە ، لیژنەی باڵای گشتپرسی پێک بهێنن.

رەبیع ئەلجواری سەرکردەیەکی دیاری سوننەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم هەنگاوە خەڵکانێکی دیکە هاندەدات بۆ دیاریکردنی داهاتووی خۆیان ، بەشێکی زۆر لە حکومەتەکانی ئێستا دیکتاتۆرین بۆیە گشتپرسی باشووری کوردستان دەبێتە دەرگا و دەستپێشخەرییەک بۆ گەلانی دیکە بەلانیکەم لە وڵاتانی عەرەبی".

ئەگەرچی سوننەکان چەندین جار هەوڵی بەهەرێمکردنی ناوچەکانیان داوە بەڵام بەهۆی کێشەی نێوانیان و دوبەرەکی سەرکردە سوننەکان سەرکەوتوو نەبوون، بۆ ئەمجارەش بەشێک لەسەرکردە سوننەکان کە پێشتر داوای هەرێمی سوننەیان دەکرد ئێستا دژایەتی دروستبوونی ئەو هەرێمە دەکەن.

عەلا ئەلنەشووع ، سەرکردە لە ئەنجوومەنی بەهەرێمبوونی ناوچە سوننەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەندێک لەهەوڵەکان کە پێشتر درابوون بۆ بەهەرێمبوونی ناوچە سوننەکان سەرکەوتوو نەبووە ، چونکە هەندێک لە لایەنە سوننەکان سەر بە حکومەتی عێراقن و گوێ رایەڵی ئەوانن ، ئەمەش واتا دەستی ئێران لەو ناوچانە ، ئەوانەی کەپێشتر داوای هەرێمی سوننەیان دەکرد ئێستا دژایەتی دەکەن".

ئەو عەرەبە سوننانەی کە ئێستا لە باشووری کوردستان نیشتەجێن کات دەژمێرن بۆ ئەوەی سەرکردەکانیان هەرچی زووترە ناوچەکانیان لەژێر دەستی حکومەتی عێراق دەربهێنن و هەرێمێکی سوننە دابمەزرێنن.

سەرکەوتنی گشتپرسییەکەی باشووری کوردستان رێگەی بۆ هەندێک لایەنی دیکەی عێراق خۆشکرد کە ئەوانیش هەوڵی بەهەرێمکردنی ناوچەکانیان بدەن.




رووداو
Top