بەرپرسێکی عێراق هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز لە دژی کوردستان دەکات

 بەرپرسێکی عێراق هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز لە دژی کوردستان دەکات
ەرپرسێکی حکوومەتی عێراق هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز لە دژی کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت، ”هەنگاوی کرداری“ دەنرێت.



رۆژی هەینی 7/10/2017، هیشام عەلی ئەکبەر عەلەوی، باڵیۆزی عێراق لە تورکیا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، حکوومەتی وڵاتەکەی و تورکیا کار دەکەن بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی سنووری لە نێوانیان، کە جێگای دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بگرێتەوە و ”هەنگاوی کرداری“ش دەگیرێتە بەر.



هیشام عەلی ئەکبەر عەلەوی هەڕەشەی لە کوردستان کردووە و رایگەیاندووە، ”ئەگەر پێویست بکات“، هێز بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی دەروازەی ئیببراهیم خەلیل بگەڕێنەوە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراق.



پێشتر بیناڵی یڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا رایگەیاندبوو، کە دەروازەیەکی سنووریی دیکە لە نێوان وڵاتەکەی و عێراق دەکەنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش ”لە چەند رۆژی داهاتوودا“ سەردانی بەغدا دەکات و باڵیۆزی عێراقیش لە ئەنقەرە جەختی لەسەر سەردانەکەی یڵدرم بۆ بەغدا کردەوە.



ئەو هەڕەشەیەی ئەو دیپلۆماتە عێراقییە لەکاتێک دایە، کە لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکیدا، نزیکەی دوو هەزار چەکداری عێراقی هەرەسیان بە سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق هێنا و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.



دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، عێراق چەندین بڕیاری دوژمنکارانەی دژی گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دا، لەوانە داخستنی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی و رەتی کردووەتەوە دانوستاندن لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان بکات.



رۆژی دووشەممە 25/9/2017، گەلی کوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی ئەنجام دا و بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبکژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە %92ـی دەنگدەران داوای سەربەخۆیی کوردستانیان کردووە.






باسنیوز
Top