عەرەبە سوننەکان بۆ بەهەرێمکردنی ناوچەکانیان بیر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەکەنەوە
لەمبارەیەوە شێخ موزاحم حەوێت، کەسایەتیی عەرەبی سوننە و گوتەبێژی عەشیرەتە عەرەبەکانی نەینەوا، ڕاگەیاند، هەرێمی عەرەبە سوننەکان کە دەخوازین دروستی بکەین، لە ناوچەکانی سنووری پارێزگاکانی (کەمەری بەغدا، نەینەوا، ئەنبار، دیالە و سەڵاحەدین) دەبێت. ڕوونیشی کردەوە: “سەرۆک و کەسایەتییە دیارەکانی عەرەبی سوننە بۆ ئەم مەبەستە قۆناغی باشیان بڕیوە و ئامادەکاریی تەواو بۆ ڕاگەیاندنی هەرێمێک بۆ عەرەبە سوننەکان کراوە:
باسیشی لەوە کرد کە پێکهێنانی هەرێمێک بۆ عەرەبە سوننەکان بە مافی خۆیان دەزانن، تاوەکوو جارێکی دیکە ناوچەکانیان ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و کەوتنە ژێر دەسەڵاتی گرووپی تیرۆریستی و شەڕی تائیفی لەلایەن پێکهاتەی عەرەبی شیعەی باڵادەستی عێراق نەبێتەوە.
هەر لەمبارەیەوە غەزوان داودی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “هەوڵێکی زۆر هەیە لەلایەن سوننەکانەوە بۆ ئەوەی ئەم پرسە لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا و چەند پارێزگایەکی دیکە بە هاوبەشی باس بکرێت”.
گوتیشی: “ئەگەر هەیە ئەم پرسە لە ڕیفراندۆمێکدا بخرێتە دەنگدانەوە و لە پەرلەمانی عێراقیش جووڵەیەک لەمبارەیەوە هەیە، چونکە شەقامی سوننە لەگەڵ دروستکردنی هەرێمێکی تایبەتی عەرەبە سوننەکانە و فشاریان بۆ سەرۆک عەشیرەت و پەرلەمانتار و وەزیرەکانیان درووست کردووە".
لەلایەن خۆیەوە سالم شەبەک، ئەندامی کوردی شەبەک لە پەرلەمانی عێراق بۆ (باسنیوز)ی ئاشکرا کرد: “جووڵانەوەیەک لەبارەی بە هەرێمکردنی ناوچەکانی عەرەبە سوننەکان هەیە و لە پەرلەمانی عێراقیش باس کراوە، بەڵام جارێ دیار نییە ئالیەتی سوننەکان بۆ بەهەرێمکردنی ناوچەکانیان چۆنە، بەڵام لە داهاتوویەکی نزیک ئەوە یەکلا دەبێتەوە".
باسنیوز
