عەشیرەتەكانی رومادی خۆیان بۆ هێرشەكانی داعش ئامادە دەكەن
ئەمڕۆ یەكشەممە عەشیرەتەكانی شاری رومادی خۆیان ئامادە كردووە بۆ رووبەرووبوونەوەی هێرشەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، ئەمەش دوای ئەوەی داعش لە چەند رۆژی رابردوودا زنجیرەیەك هێرشی گەورەی كردە سەر ناوچەكانی پارێزگای ئەنبار.
لە ماوەی هەفتەی رابردوودا داعش چەندین هێرشی كردووەتە سەر چەندین شوێنی جیاوازی شارەكە و دەیان كەسیش كوژراون و بریندار بوون، تا ئێستەش هێزە عێراقیەكانیش نەیانتوانیوە بەرەنگاری هێرشەكان ببنەوە.
ئێستەش هێزی عەشیرەتەكانی شارەكە خۆیان ئامادە كردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی چاوەڕوانكراوی داعش لە ماوەكانی داهاتوودا.
میدیاكانی عێراق بڵاویان كردووەتەوە كە لە بەیانی ئەمڕۆوە عەشیرەتەكانی ئەنبارە چەكیان هەڵگرتووە و بەرەو سنوورەكانی دەرەوەی شارەكە بەڕێكەوتوون، تا ڕووبەڕووی هێرشی داعش ببنەوە.
لەمبارەیەوە عامر دلێمی یەكێ لە كەسایەتییەكانی شارەكە، وەكو ئاماژەیەك بۆ ئەوەی كە هێزەكانی سوپای عێراق ناتوانن بەرگری لە شارەكە بكەن، رایگەیاند لە دوای هێرشە فرەوانەكانی داعش لە هەفتەی رابردوودا، ئێستە كەوتووینەتە بەر مەترسی شەپۆڵێكی تری ئاوارەبوونەوە، بۆیە عەشیرەتەكان بڕیارمان داوە خۆمان بەرگری لە شارەكە بكەین.
bas news-
