مالیکی بە ھێنانەوەی داعش بۆ سنوورەکانی عێراق تۆمەتبار دەکرێتەوە
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان باس لەوە دەکەن، کە حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری حزبوڵای لوبنان، بە نزیکەکانی خۆی گوتووە، مالیکی ئەوی لە پرۆسەی گواستنەوەی چەکدارانی داعش بۆ نزیک لە سنوورەکانی عێراق دەستخەڕۆ کردووە و پێیانی گوتووە لەگەڵ عێراق کێشەی نابێت، نەسروڵاش پێی وابووە، کە دەسەڵاتدارانی عێراق بەم کارە ئاگەدارن، بەو پێیەی مالیکی، جێگری سەرۆک کۆماری عێراقە، بەڵام دواتر دەرکەوتووە، کە مالیکی، بەبێ گەڕانەوە بۆ حکوومەتی عێراق، تاکلایەنە رەفتاری کردووە.
سەرچاوەکانی زانیاری باس لەوەش دەکەن، کە ئامانجی مالیکی لەم کارەیدا، تێکدانی دۆخی عێراق و ھاتنەوەی داعش بووە، تا یەکەمیان کۆتاییھێنان بە داعش لە عێراقدا نەبێت بە دەستکەوت بۆ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران، کە بەنیازە بۆ ھەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی عێراق لە ساڵی داھاتوودا خۆی کاندید بکاتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە ئەوە دابپۆشێت کە لە سەردەمی ئەودا داعش لە عێراق گەشەی کردووە و سێ پارێزگای گرنگی کەوتووەتە دەست. لەو رێگەیەوە ویستوویەتی دۆخی عێراق ھەر بەخراپی بمێنێتەوە و بشڵێت ئەوان ھۆکاری کەوتنی مووسڵ نەبوون و دەستی ئیقلیمی و جیھانیی لەو بابەتەدا ھەیە کە دەیەوێ داعش لە عێراق بمێنێتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە، سەرچاوەکانی چاودێر زانیاریی ئەوەیان بە (باس) داوە، ئەو ناوچانەی کە داعشیان بۆ گواستووەتەوە لە (دێرەلزوور) لە سنووری سووریا، بەشێکی زۆری رێگە و شوێنەکانی داعش لەژێر کۆنتڕۆڵی پەکەکەدان.
ھاوکات چاودێرانی سیاسییش جەخت دەکەنەوە، کە پشتیوانیی مالیکی و ئێران بۆ رێککەوتنەکەی حزبوڵا و داعش، ئەوەی دەرخستووە کە ئەوانیش ئاگەداری ھاتنی ئەو داعشانە بوون لە سنوورەکانی لوبنان و سووریاوە بۆ سنوورەکانی سووریا و عێراق.
لە چەند رۆژی رابردوودا بەبێ ھیچ کاردانەوەیەک لە رێگەی پاسی گەشتیارییەوە ٣٠٠٠ چەکداری داعش بە رێککەوتن گواسترانەوە ناوچەی دێرەزوور لە رۆژھەڵاتی سووریا.
موزاحم ئەلحویت، گوتەبێژی ھۆزە عەرەبەکانی مووسڵ، لە راگەیندراوێکدا کە کۆپییەکی دەست (باس) کەوتووە و ئاراستەی حکوومەتی عێراقیش کراوە، داوای ئاشکرابوونی راستییەکان لەبارەی بوونی رێککەوتن لەنێوان مالیکی و حزبوڵای لوبنانی و داعش دەکات، لەم ڕووەوە ھۆزە عەرەبەکانی مووسڵ داواکارن مالیکی دادگایی بکرێت، چونکە بەپێی لێکدانەوەی ئەوان، ئەو بەرپرسیار بووە لە رادەستکردنی پارێزگاکانی سونییەکان و ھاوئاھەنگیی لەگەڵ داعشدا کردووە، کە بووە ھۆی ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە کوردانی ئێزدی و سوننە و ھەموو ئایینەکان و پێکھاتەکانی دیکە کران.
ھۆزە عەرەبە سوننەکان ئاماژەیان بەوەش داوە، کە ئێستا لەبەرچاوی جیھان کە (مالیکی) دەستی لە ھەموو ئەو تاوانانەدا ھەیە و رێککەوتنی لەگەڵ داعشدا کردووە، پێویستە لە دادگای نێودەوڵەتیی دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێتەوە، بە سیفەتی تاوانباری جەنگ و ھەڵکردنی فیتنەی تائیفی دادگایی بکرێ، ئەوانیش لەو دادگا نێودەوڵەتییەدا سکاڵای فەرمیی لەسەر (مالیکی) تۆمار دەکەن.
وەحید باکۆزی، بەرپرسی لقی ١٧ی شنگالی پارتی بۆ (باس) ڕای گەیاند، ئەوەی لەدوای ھاتنی ئەو داعشانە تێبینییان کردووە، پەکەکە و حەشدی شەعبی ھەوڵ دەدەن ڕێگای شنگال بۆ سووریا بکەنەوە، چونکە لەو دۆخەدا دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان چەک و تەقەمەنی لە سووریاوە بھێنن بۆ عێراق و بەپێچەوانەشەوە.
ئەو بەرپرسەی پارتی پێی وابوو، ئەو ھەوڵەی پەکەکە و حەشدی شەعبی (پیلانێکی ھەرێمایەتی) بێت بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێک بۆ پێکەوەبەستنەوەی پەکەکە و حەشدی شەعبی و میلیشیای حزبوڵای لوبنان، بەتایبەت کە حزبوڵا و داعش ڕێککەوتنیان کردووە بۆ جێگیرکردنی چەکدارانی داعش لە ناوچە سنوورییەکانی سووریا لەنزیک پارێزگای ئەنباری سوننەنشین.
بەڵام شاخەوان عەبدوڵا، پەرلەمانتاری پارتی لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بۆ (باس) رای گەیاند، تا ئێستا ئەو داعشانە نەیانتوانیوە خاکی عێراق ببڕن، گوتیشی: “بەو پێیەی ئێران و مالیکی پێشوازی و پشتیوانییان لە رێککەوتنەکە کرد، کەوابێت ئاگەداری بوون”.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش دا، ھاتنی داعش بۆ نزیک لە سنوورەکانی عێراق نێوانی مالیکی و عەبادی زیاتر ئاڵۆز کردووە، چونکە عەبادی و حکوومەتی عێراق بەو رێککەوتنە رازی نین و لە دژی وەستاون، بەڵام مالیکی پشتیوانیی لێ کردووە.
گوتی: “ئەوەی بۆ کوردستان گرنگە، ھاتنی ئەو چەکدارانە ھیچ مەترسییەکی نابێت، چونکە کوردستان نە لە شەڕ و نە لە ریفراندۆمدا بە تەنیا نییە و پشتیوانیی جیھانی زۆری ھەیە بۆ پاراستنی”.
لای خۆشیانەوە، حەسەن جیھاد، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بۆ (باس) رای گەیاند، رێککەوتنێکی سەیرە، چونکە پێشتر حزبوڵا لە کاتی دروستبوونی داعش خەندەقی لە دژیان لێ دا و دەیگوت دەڕۆین لە سووریا شەڕی داعش دەکەین، بەڵام لە کۆتاییەکەی دەیانپارێزێ، گوتیشی: “ئامانجی حەسەن نەسروڵا لەوەدایە کە بە لوبنانییەکان بڵێت ئەوە داعشمان شکاند و لە لوبنانمان دوور خستنەوە”.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەوە روونە کە ئەمەریکا لە دژی ئەو رێککەوتنەیە و لەم رۆژانە لێشی داون، بەڵام ھەڵویستی ئێران و مالیکی لەوەی کە پشتیوانیی رێککەوتنەکەیان کردووە، بووەتە جێگەی پرسیار، گوتی: “ئەو ناوچەیە لەژێر کۆنتڕۆڵی یەپەگەدایە، بەڵام تا چەند ئەوانیش ئاگەداری رێککەوتنەکە بوون، ئەوە ئاگەدار نیم”.
لای خۆشیانەوە، سوپای ئەمەریکا لەبەیاننامەیەکدا ڕای گەیاندووە، لەسەر داوای رووسیا پرۆسەی چاودێریکردنی قافڵەکەی داعشی لە رۆژھەڵاتی سووریا وەستاندووە کە لە ١١ پاس پێک ھاتبوون.
باسنیوز
