پەرلەمانی عێراق بەدواداچوون بۆ ”گواستنەوە“ی چەکدارانی داعش دەکات
بەپێی بەیاننامەیەک، کە رۆژی چوارشەممە 30/8/2017 بڵاو کراوەتەوە، سەلیم جبوری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، هەموو جۆرە رێککەوتنێک لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنانی و داعش ”رەت دەکەینەوە“ بۆگواستنەوەی چەکدارەکانی بۆ نزیک عێراق و هۆشداریی لە داگیکردنەوەی عێراق لەلایەن داعشەوە، دا.
سەلیم جبوری داوای لە لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق کردووە راپۆرتێک لەبارەی کاریگەرییەکانی گواستنەوەی چەکدارانی داعش لە سنووری لوبنانەوە بۆ سەر سنووری عێراق، ئامادە بکات.
بەپێی رێککەوتنی حزبوڵلای لوبنانی و داعش بە ئاگاداریی رژێمی سووریا، رێگا بە زیاتر لە 600 چەکداری داعش لەناو خاکی لوبنان لەسەر سنووری سووریا لە ناوچەی قەلەموون دراوە ئەو ناوچەیە بەجێ بهێڵن و لە شاری دێرەزوور لەسەر سنووری عێراق جێگیر ببن.
رۆژی سێشەممە 29/8/2017، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی لەو رێککەوتنە دەربڕی و بە ”مامەڵەیەکی گوماناوی“ نێوان ئەو دوو لایەنەی داناوە و هیواشی خواست ”لایەنە پەیوەندیدارەکان“ هەڵوێستی جددیان لەبەرامبەر ئەو کردەوە هەبێت.
باسنيوز
