عەبادی دژایەتیی خۆی بۆ رێککەوتنی حزبوڵڵا و داعش راگەیاند

 عەبادی دژایەتیی خۆی بۆ رێککەوتنی حزبوڵڵا و داعش راگەیاند
سەرۆک وەزیرانی عێراق دژایەتیی خۆی بۆ رێککەوتنی میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانیی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و رێکخراوی تیرۆریستیی داعش راگەیاند.



حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وتاری هەفتانەیدا رایگەیاندووە، کە نابێ هیچ هەلێکی رزگاربوون بدرێتە تیرۆریستان، ”داعش هەناسەی کۆتایی هەڵدەمژێ، نابی هەلی مانەوەی پێ بدرێت... ئەوە هەڵەیە“.



حەیدەر عەبادی پێی وایە گواستنەوەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سنووری نێوان عێراق و سووریا ”مایەی هەڕەشەیە بۆ سەر گەلی عێراق“.



بەپێی رێککەوتنی حزبوڵلای لوبنانی و داعش بە ئاگاداریی رژێمی سووریا، رێگا بە زیاتر لە 600 چەکداری داعش لەناو خاکی لوبنان لەسەر سنووری سووریا لە ناوچەی قەلەموون دراوە ئەو ناوچەیە بەجێ بهێڵن و لە شاری دێرەزوور لەسەر سنووری عێراق جێگیر ببن.



رۆژی سێشەممە 29/8/2017، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی لەو رێککەوتنە دەربڕی و بە ”مامەڵەیەکی گوماناوی“ نێوان ئەو دوو لایەنەی داناوە و هیواشی خواست ”لایەنە پەیوەندیدارەکان“ هەڵوێستی جددیان لەبەرامبەر ئەو کردەوە هەبێت.




باسنیوز
Top