عێراق.. 16 ملیار دۆلار قەرز لە بانکی نێودەوڵەتی وەردەگرێت
ئەحمەد حاجی ڕەشید، بڕیاردەری لێژنەی دارای و سەرۆکی لیستی کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: "ئێستا عێراق بۆ وەرگرتنی بڕی 16 ملیار دۆلار بەقەرز، لەگەڵ وڵاتانی نێودەوڵەتی و سندوقی نەختینە، دەستی بە دانووستانەکان کردووە، بەشێکی ئەو پارەیەش بە نەقد وەردەگیرێت بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنانی بودجە، بەشەکەی دیکەشی بۆ پڕۆژەی ئاو ئاوەڕۆ و کارەبا بەکار دەھێنرێت".
بڕیاردەری لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەوەشی خستە روو کە پەرلەمانی عێراق ڕەزاەندی بۆ ئەو قەرزە 16 ملیار دۆلارییە دەرکردووە، بۆیە ئێستا عێراق خەریکی ڕێوشوێنی دانوستانە لەسەر میکانیزم، سوود، خشتە و ئەو کاروبارانەی پەیوەندیان بە قەرزەوە ھەیە.
ئاشکراشی کرد: "ئەو قەرزانەی بەم دواییە عێراق لە وڵاتانی دەرەوە و بانکی نێودەوڵەتی کردوویەتی، ھەرێمی کوردستان بەشداری لە دانەوەیان ناکات، چونکە تا ئێستا عێراق ھەرێمی کوردستانی لەو قەرزانە بێ بەش کردووە".
باسنیوز
