UN داوا لە بەغدا دەكات خۆی لە قوربانیانی دەستی داعش نەدزێتەوە
ڕێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ سێشەممە داوای لە حکوومەتی عێراق کرد خاوەنداریەتی لە هەزاران ژن و منداڵ بکات کە بەرەو ڕووی هەموو جۆرە دەستدرێژی و گێچەڵیەکی سێکسی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بوونەتەوە.
لە راپۆرتێکی هاوبەشی هەریەک لە نێردەی هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق (UNAMI) و کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان (OHCHR)، جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پێویستە حكوومەتی عێراق پارێزگاری لە هەزاران ژن و منداڵ بکات کە بەرەو ڕووی دەستدرێژی سێکسی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بوونەتەوە و پەراوێز نەخرێن.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە ''ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و منداڵانی ئەو ناوچانەی کە بەدەست رێکخراوی داعشەوە بوون و لە سەرووی هەمووشیانەوە كوردە ئێزیدییەکان و کەمایەتییەکانی دیکە بەرەو ڕووی پێشێلکردنی مافەکانیان و بن پێنانی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە لایەن چەکدارانی رێکخراوەکەوە بوونەتەوە''.
تیشکیش خراوەتە سەر پێویستیی رێگە خۆشکردن بۆ قوربانییەکان تاوەکو رێگەی دادگا بگرنە بەر و قەرەبوو بکرێنەوە، ئاماژە بەوەش کراوە ئەنجامدانی ئەو کارەش دەکەوێتە سەر شانی حکوومەتی عێراق تاوەکو لە چوارچێوەی یاسا نێوخۆییەکان و نێودەوڵەتییەکاندا لێپرسراویەتی بگرێتە ئەستۆ.
زەید رەعد حسێن کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکدا سەبارەت بە راپۆرتەکە، ئاماژەی بەوە کرد ئەو کاریگەرییانەی چەکدارانی داعش لە رووی جەستەیی، عەقڵی و سۆزدارییەوە لەسەر ژنان جێیانهێشتووە، ناچێتە عەقڵەوە. باسی لەوەش کرد بۆ ئەوەی قوربانییان بتوانن دووبارە ژیانی خۆیان و داهاتووی منداڵەکانیان بنیات بنێنەوە، پێویستە قەرەبوو بکرێنەوە.
bas news-
