هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی راگەیەندراوێک لەبارەی رزگارکردنەوەی تەلەعفەر بڵاو دەکاتەوە
لە راگەیەندراوەکەدا، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، کە پێشوازیی لە راگەیاندنی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی تەلەعفەر دەکات و بە پێنج رێگا پشتگیریی ئۆپەراسیۆنەکە دەکات، کە بریتین لە :
- دابینکردنی کەلوپەلی سەربازی
- راهێنانی سەربازی
- زانیاریی هەواڵگری
- هێرشی ئاسمانیی ئامانجدار
- راوێژی سەربازی
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێی وایە ئێستا 10-50 هەزار هاووڵاتیی مەدەنی لەناو شارۆچکەی تەلەعفەر و دەوروبەریدا هەن.
سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 20/8/2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی تەلەعفەری راگەیاند.
ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ لە 17.10.2016 دەستی پێ کرد و دوای نۆ مانگ، تەنیا ناوەندی شاری مووسڵ رزگار کراوەتەوە و شارۆچکەی تەلەعفەر و چەند ناوچەیەکی دیکەی سنوورەکە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستی داعشدا ماونەتەوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و شاری شنگال و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنيوز
