هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر تەلەعفەر دەستی پێ کرد
رۆژی سێشەممە 15\8\2017، هێزە ئاسمانییەکانی عێراق دەستیان بە هێرشی ئاسمانی و بۆردومانکردنی بنکە و بارەگاکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە تەلەعفەر.
رۆژی 13\8\2017، فەریقی یەکەمی روکن عوسمان ئەلغانمی، سوپاسالاری عێراق رایگەیاند، کە سوپای وڵاتەکەی ئامادەکاریی تەواوی کردووە بۆ هێرشکردنە سەر تەلەعفەر و چاوەڕێی فەرمانی حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەکەن بۆ دەست پێ کردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوە.
ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ لە 17.10.2016 دەستی پێ کرد و دوای نۆ مانگ، تەنیا ناوەندی شاری مووسڵ رزگار کراوەتەوە و شارۆچکەی تەلەعفەر و چەند ناوچەیەکی دیکەی سنوورەکە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستی داعشدا ماونەتەوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنیوز
