فوئاد مەعسوم داوای پتەوکردنی پەیوەندیی عێراق بەحرێن دەکات

 فوئاد مەعسوم داوای پتەوکردنی پەیوەندیی عێراق بەحرێن دەکات
سەرۆک کۆماری عێراق لە میانی پێشوازیکردنی لە وەزیری دەرەوەی بەحرێن، داوای پتەوکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و ئەو وڵاتە دەکات.

بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، رۆژی یەکشەممە 13\8\2017، شێخ خالید بن ئەحمەد بن محەمەد ئال خەلیفە، وەزیری دەرەوەی بەحرێن و شاندێکی یاوەری، لە کۆشکی سەلام لە بەغدا، لەگەڵ فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق کۆ بووەتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، فوئاد مەعسوم داوای پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری، بازرگانی و گەشتیارییەکانی نیوان بەحرێن و عێراقی کردووە و سڵاوی خۆیشی بۆ شێخ حەمەد بن عیسا بن سەلمان ئال خەلیفەی شای بەحرێن ناردووە.

هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی بەحرێن پیرۆزبایی رزگارکردنەوەی شاری مووسڵی لە فوئاد مەعسوم کردووە و پەسنی ”ئیرادە“ی عێراقییەکانی لە شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کردووە.








باسنيوز
Top