سەدر: حکوومەتی مالیکی گەلی کوردستانی لە عێراق دوور خستەوە
موقتەدا سەدر، سەرکردەی ئایینی (شیعەمەزهەب) و رێبەری رەوتی سەدر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)، رایگەیاندووە، بوونی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەت، ”کێشەی زۆر“ دروست دەکات و ”دوو سوپا لە عێراق“ رەت دەکاتەوە.
موقتەدا سەدر هەروەها رایگەیاندووە، کە دوور نییە لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی عێراقی هاوپەیمانییەک بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو پێک بهێنێت.
پێشتر (باسنیوز) بڵاوی کردەوە، کە سەدر، عەبادی و ئەیاد عەللاوی بە نیازی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکن بۆ دوور خستنەوەی نوری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە حوکمڕانیی عێراق.
لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانەوە، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاندووە، پەیوەندیی بە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانەوە کردووە و ”هیوام خواست هەر هیچ نەبێ ریفراندۆمەکە دوابخرێ“.
موقتەدا سەدر پێی وایە سیاسەتی حکوومەتی مالیکی (2006-2014) بووەتە هۆی دوورکەوتنەوەی کوردستان لە عێراق، ”گەیشتووەتە ئەو ئاستەی داوای سەربەخۆیی بکەن“.
سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی لە 25ـی ئەیلوولی 2017 لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان داوە و چەندین جاریش جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ریفراندۆم دوا ناخرێ.
زۆرینەی بەرپرسانی کوردستان، عەرەبە سوننەمەزهەبەکانی عێراق و بەشێک لە سەرکردە شیعەکان پێیان وایە نوری مالیکی هۆکاری خراپبوونی دۆخی عێراق و داگیرکرانی نزیکەی نیوەی خاکی ئەو وڵاتەیە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە لە مانگی 6ـی 2014.
لە ساڵی 2013 و بە بڕیاری نوری مالیکی، بەشەبودجەی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران و قوتی خەڵکی کوردستان بڕدرا و لە شەڕی دژی داعشیشدا، عێراق هیچ هاوکارییەکی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی نەکرد و رێگریشی لە هاوکارییە سەربازییە نیودەوڵەتییەکان بۆ پێشمەرگە، دەکرد.
باسنيوز
