دەوڵەتی یاسا دژی دامەزراندنی بنكەی سەربازی ئەمەریكیە لە نزیك تەلەعفەر
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لیستی دەوڵەتی یاسای نووری مالیكی لە بەیاننامەیەكدا دژایەتی خۆیان بۆ دامەزراندنی بنكەی سەربازیی ئەمەریكی لە نزیك تەلەعفەر راگەیاند.
لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا دەنگۆیەك لەبارەی دامەزراندنی بنكەیەكی سەربازیی ئەمەریكی لە نزیك قەزای تەلەعفەر بڵاوبووەوە، گوایە ئەمەش دوای گفتوگۆی بەغدا و واشنتۆن دەكرێ، بۆ ئەوەی لەو بنكەیەوە سەرپەرشتی شەڕی رزگاركردنەوەی قەزاكە لە دەست ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بكرێ.
بەڵام ئەمڕۆ لیستی دەوڵەتی یاسا رەتی كردەوە ڕێگە بە دامەزراندنی هەر بنكەیەكی سەربازی بیانی لەسەر خاكی عێراق بدرێ بۆ مەبەستی سەرپەرشتیكردنی رزگاركردنەوەی تەلەعفەر.
دەوڵەتی یاسا كە لیستی دەسەڵاتدارە لە عێراق، لە بەیاننامەكەیدا دووپاتی كردووەتەوە كە هێزە عێراقیەكان تەنها ڕووماڵێكی ئاسمانیان پێویستە لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانانەوە، لەگەڵ هاوكاری لۆجستی و هەواڵگری.
لەمبارەیەوە خالید ئەسەد گوتەبێژی فەرمی لیستی دەوڵەتی یاسا دووپاتی كردووەتەوە بەشداریكردنی هەر هێزێكی هاوپەیمانان لە شەڕی تەلەعفەر، پێویستی بە دامەزراندنی بنكەی سەربازی لەسەر خاكی عێراق نیە.
ئاماژەشی بەوە داوە كە لە شەڕەكانی تری رزگاركردنەوەی خاكی عێراقدا لە دەست داعش، پێویست بە دامەزراندنی بنكەی سەربازی ئەمەریكی نەبووە، كەچی لەم كاتەدا و بۆ ئەم شوێنە ئەمەریكا بە نیازی دامەزراندنی بنكەی سەربازیە، ئەمەش جێگەی پرسیارە.
bas news-
