محەممەد بن سەلمان: سەقامگیریمان بۆ عێراق دەوێت

 محەممەد بن سەلمان: سەقامگیریمان بۆ عێراق دەوێت
جێنشینی شای سعودیە رایدەگەیەنێت وڵاتەکەی "سەقامگیریی عێراقی دەوێت و دەشیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق گەشەپێبدات لە هەموو بوارەکاندا".

رۆژی چوارشەممە 9-8-2017 محەممەد بن سەلمان، جێنشینی شا و وەزیری بەرگریی سعودیە، لە ریاز لەگەڵ عەبدولجەبار لعێبی، وەزیری نەوتی عێراق کۆبووەوە.

میدیاکانی سعودیە بڵاویانکردەوە، لە دیدارەکەدا "باسی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، بەتایبەتیش لە بواری ئابووری بەشێوەیەکی گشتی و وزە بەشێوەیەکی تایبەتی کراوە".

لە کۆبوونەوەی محەممەد سەلمان و لعێبی ئەوەش باسکراوە کە "رێگەی وشکانی لەنێوان سعودیە و عێراقدا بکرێتەوە و گەشتە راستەوخۆکان ئاسانکارییان بۆ بکرێت و هانی ئاڵووێری بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵاتدا و هاتنی وەبەرهێنەرانی سعودی بۆ عێراق بدرێت".

لە کۆبوونەوەکەدا باسی پابەندبوونی هەردوو وڵاتیش کراوە بە رێککەوتنی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، کە لە چوارچێوەی رێکخراوی ئۆپێکدا کرابوو بۆئەوەی هاوسەنگی بۆ نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بگێڕدرێتەوە.



رووداو
Top