سیاسەتمەدارێکی بەریتانی: مالیکی ویستی بە پارە بێ دەنگم بکات
ستراون ستیڤنسۆن، پەرلەمانتاری یەکێتیی ئەوروپا لە 1999 تا 2014 لە وتارێکدا لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاندووە، کە بە توندی وەڵامی نوێنەری نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق داوەتەوە.
هەروەک لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێ، ستراون ستیڤنسۆن رایگەیاندووە، کە بە نوێنەری مالیکی راگەیاندووە، ؛نرخی بێدەنگبوونم بەرامبەر تاوانەکانی نوری مالیکی“، دەست لەکار کێشانەوەیەتی لە سەرۆکایەتیی وەزیرانی عێراق (ئەوکات) و دادگاییکردنیەتی بەهۆی ”تاوانە دژە مرۆڤایەتییەکانی“.
ئەو سیاسەتمەدارە، کە خەڵکی هەرێمی سکۆتلەندای بەریتانیایە، پێی وایە وڵاتانی رۆژئاوا هۆکاری مانەوەی نوری مالیکی بوون لە سەرۆکایەتیی وەزیرانی عێراق، هەرچەندە دەیانزانی ئێران هەوڵی هێشتنەوەی مالیکی لە حوکمڕانی دەدات و لیستەکەی عەللاویش براوەی سەرەکی بوو لە هەڵبژاردن.
ستراون ستیڤنسۆن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، کە ئێران پاڵپشتیی ماددی و مەعنەویان دەکات، بە دروستکردنی شەڕی تائیفی لە دژی پێکهاتەی سوننەمەزهەبی عێراق تاوانبار دەکات و ئەمەش بەهۆکاری ئەوە دەزانێت، کە عەرەبە سوننەمەزهەبەکان ئەو میلیشیایانەی حەشدی شەعبی بە خراپتر لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەزانن.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی یەکێتیی ئەوروپا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بۆ ئەوەی عەرەبە سوننەمەزهەبەکان بگەڕێنەوە ناو سوپای عێراق و کێشەکانی ئەو وڵاتە چارەسەر ببن، ”پێویستە عێراق لە دەستوەردانەکانی ئێران رزگار بکرێت“.
باسنيوز
