کۆمپانیایەکی ئەمریکی پاشماوەکانی داعش هەڵدەگرێتەوە

 کۆمپانیایەکی ئەمریکی پاشماوەکانی داعش هەڵدەگرێتەوە
کۆمپانیایەکی ئەمنیی ئەمریکی پاشماوەی تەقەمەنییەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە شاری مووسڵ هەڵدەگرێتەوە.

میدیایەکی عێراقی بڵاوی کردووەتەوە، کە کۆمپانیای گانوسی ئەمنیی ئەمریکی هەوڵی گەڕاندنەوەی ژیان بۆ شاری مووسڵ دەدات، لەڕێی هەڵگرتنەوەی بۆمب و تەقەمەنییەکانی داعش لە ناو ماڵ و ژێر خانوو و باڵەخانە رووخاوەکان.

هەروەها بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، کە هەڵگرتنەوەی پاشماوەکانی داعش رەنگە چەند ساڵێک بخایەنێت، چونکە داعش هەزاران بۆمبی لە شارەکەدا بڵاو کردووەتەوە.

ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ لە 17.10.2016 دەستی پێ کرد و دوای نۆ مانگ، تەنیا ناوەندی شاری مووسڵ رزگار کراوەتەوە و شارۆچکەی تەلەعفەر و چەند ناوچەیەکی دیکەی سنوورەکە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستی داعشدا ماونەتەوە.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.











باسنيوز
Top