پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەدات
بەپێی بەرنامەی ئەمڕۆی کاری پەرلەمانی عێراق، پەرلەمان بەردەوام دەبێت لەسەر تەواوکردنی دەنگدان لەبارەی پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کە 32 ماددەی ماوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، تاوەکو ئێستا لەبارەی مادەی 37ی پڕۆژەیاساکە، کە تایبەتە بە چۆنێتی هەڵبژاردن لە کەرکووک، نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
شاخەوان عەبدوڵڵا، کە هاوکات نوێنەری پارێزگای کەرکووکە دەشڵێت، بڕیارە ئەمڕۆ جارێکی دیکە نوێنەرانی کورد و تورکمان و عەرەبی کەرکووک بە ئامادەبوونی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن کۆببنەوە، بەمەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن و سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش بەڵێنی داوە ماددەی 37ی تایبەت بە کەرکووک نەخاتە دەنگدانەوە، تاوەکو دەگەنە رێککەوتن.
هەر لە دانیشتنی ئەمڕۆدا پەرلەمانی عێراق لێپرسینەوە لە سەلمان جومەیلی، وەزیری بازرگانی بە وەکالەت ، کە تۆمەتی گەندەڵی دراوەتەپاڵ دەکات.
لە بەرنامەی کاری پەرلەماندا هاتووە، دەنگدەرێت لەسەر: پڕۆژەیاسای رێکخستنی بریکاری بازرگانی، پڕۆژەیاسای دەستەی پشتپێبەستنی عێراقی، دەنگدان لەسەر پڕۆژەبڕیارێک تایبەت بە کارمەندانی خانەنشین و ئەوانەی لە کاتی دەوامی فەرمی گیان لەدەستدەدەن، بۆ ئەوەی پارچە زەوییەکانیان پێبدرێت. چاوخشانەوەی بەدروستی ئەندامێتی هەندێک پەرلەمانتار. خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەپێشنیازی هەمواری یەکەمی دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەری.
رووداو
