ئوردن بۆ کردنەوەی دەروازەیەک لەگەڵ عێراق داوای گەرەنتی دەکات

 ئوردن بۆ کردنەوەی دەروازەیەک لەگەڵ عێراق داوای گەرەنتی دەکات
بەپێی لێدوانی سەرچاوەیەکی ”باوەڕپێکراو“ی عێراقی بۆ رۆژنامەی (عوکاز)ی سعودی، حکوومەتی عێراق داوای لە دۆگلاس سلێمان، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کردووە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئوردنی بکات.



حکوومەتی ئوردن بە دۆگلاس سلێمانی راگەیاندووە، بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی توڕەیبیل لە نێوان عێراق و وڵاتەکەیدا، داوای گەرەنتیی ئەمریکی دەکات لەبارەی نەمانی چەکدارە تیرۆریستەکان لە رێگای نێوان عەممان و بەغدا.



دوای داگیرکاریی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە عێراق، پارێزگای ئەنبار، کە هاوسنووری ئوردنە، بە تەواوی کەوتە دەست چەکدارانی ئەو رێکخراوەوە و دەروازەکە داخرا.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، نزیکەی نیوەی خاکی عێراق، (شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار) لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.



باسنیوز
Top