ئەمەریكا پێشێلكارییەكانی سوپای عێراق لە مووسڵ دەشارێتەوە
ماڵپەڕی (بزفید)ی ئەمەریكی ئاشكرای كرد هێزە ئەمنییەكانی عێراق چەندین پێشێلكاری مرۆیی لە مووسڵ ئەنجام دەدەن و سنووری ڕێساكانی شەڕ دەبەزێنن، بەڵام سوپای ئەمەریكا لە بەرانبەریدا بێ دەنگی هەڵبژاردووە و دۆخەكەی شاردووەتەوە.
ماڵپەڕە ئەمەریكیەكە ئەمڕۆ چوارشەممە راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە و تیایدا هاتووە كە ئەو ئەشكەنجەدان و كوشتارانەی سوپای عێراق لە دژی هاووڵاتیانی مەدەنی مووسڵ پیادەی كردووە، لەلایەن ڕێكخراوە مرۆییە جیهانییەكانیشەوە تۆمار كراون و ئاماژەیان پێكراوە، لەلایەن سوپای ئەمەریكا پشتگوێ خراوە، لە كاتێكدا هێزەكانی سوپای ئەمەریكا هاوشانی هێزە ئەمنیە عێراقییەكان بەشداری پرۆسەی رزگاركردنەوەی مووسڵ بوون لە دەست چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە بێ دەنگی ئەمەریكا لە هەنبەر ئەم پێشێلكارییانە پرسیارێكی هەستیار دەورووژێنی، كە بریتیە لەوەی داخۆ لە كاتی ئەو پێشێلكارییانەدا هێزە ئەمەریكییەكان دوور و بێ ئاگا بوونە؟ یاخۆ ئاگەدارن و دەیشارنەوە؟
لەمبارەوە بەلقیس والی لێتوێژەری تایبەتمەند بە بواری مافەكانی مرۆڤ لە میانی راپۆرتەكەدا قسەی كردووە و دەڵێ ئەمەریكیەكان نایانەوێ ئەو هێزانەی پشتیوانیان دەكەن، بخرێنە لیستی رەشەوە، چونكە زۆربەی هەرە زۆری پێشێلكارییەكان لەلایەن سوپای عێراقەوە ئەنجام دراون.
راپۆرتەكە لە زاری ئەفسەرێكی كوردیشی لەنێو سوپای عێراق گێڕاوەتەوە، كە چیتر ئەم كوشتارەی سوپای عێراق لە مووسڵ ئەنجامی دەدات، نهێنی نەماوە، بەڵكو وای لێ هاتووە تەرمی هاووڵاتیانی كوژراو بە كۆمەڵ بەسەر ئاوی دیجلەوە دەبیندرێن.
bas news-
