مالیکی لە مۆسکۆ: دووپاتی دەکەمەوە ئەگەر رووسیا نەبووایە تەواوی ناوچەکە وێران دەبوو

مالیکی لە مۆسکۆ: دووپاتی دەکەمەوە ئەگەر رووسیا نەبووایە تەواوی ناوچەکە وێران دەبوو
مالیکی لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی رۆڵی رووسیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت: ئەگەر رووسیا نەبووایە تەواوی ناوچەکە تێکدەچوو و نەخشەیەکی نوێ بۆ ناوچەکە دادەنرا.

ماڵپەری رووداو بڵاویكردۆتەوە كە نووری مالیکی، جێگری سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکی حیزبی دەعوە رۆژی یەکشەممە 23-7-2017 بە سەردانێک گەیشتە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا. لەدوای ئەوەی گەیشتە مۆسکۆ، مالیکی بە ئاژانسی فەرمی رووسیای راگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە هاریکاریی هاوبەشی نێوان عێراق و رووسیا و درێژەدان بە هاوبەشی رووسیا و پشتیوانیکردنی عێراق لە داهاتوودا تاوتوێدەکات.

لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی رۆڵی رووسیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتایبەت لەدوای سەرهەڵدانی داعش لە 2014 دا رایگەیاند: دووپاتی دەکەمەوە ئەگەر رووسیا نەبووایە تەواوی ناوچەکە تێکدەچوو، نەخشەیەکی بۆ ناوچەکە دادەنر. هەروەها دەشڵێت: ئەگەر حەشدی شەعبیش نەبووایە داعش بەغدای داگیردەکرد.

مالیکی هەروەها گوتیشی: ئەمریکا پێچەوانەی رووسیا کاردەکات و هەوڵیدا سووریا بڕوخێنێت و بیگۆڕێت، بەڵام هەڵوێستی رووسیا بووە هۆی شکشتهێنانی هەڕەشەکانی ئەمریکا.

بەپێی کارنامەی سەردانەکەی، مالیکی ئەمڕۆ هیچ کۆبوونەوە و دیدارێك لە رووسیا ئەنجام نادات. بەڵکو بەپێی ئەو پرۆگرامەی دەست رووداو کەوتووە، لە سبەی دووشەممەوە دەست بە چالاکییەکانی دەکات. بڕیارە مالیکی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، سەرۆکی ئەنجوومەنی فیدراڵی و لە کۆتاییشدا لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆببێتەوە.


محمد سلێمان
Top