حەشدی شەعبی: پیلانگێڕیمان لەدژ دەكرێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە عامری لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی پێیوایە عەبادی سەهووی كردووە ناوی حەشدی شەعبی نەهێناوە، لە كاتی راگەیاندنی پیرۆزبایی سەركەوتنی رزگاركردنەوەی مووسڵدا. گوتیشی "باوەڕ ناكەم بە ئەنقەست وای كردبێت، جارێ زووە بۆ ئەوەی حوكمی لەسەر بدەین".
هاوكات هادی عامری ئەوەشی دووپات كردەوە كە چەندین پیلانگێڕی لە دژی حەشدی شەعبی لەئارادان.
سەركردەكەی میلیشیای حەشد ئاماژەی بەوە داوە كە لە ئێستەوە هەندێك كەس سەركەوتنە گەورەكەی مووسڵیان لەیاد كردووە و خۆیان بە ناو نەهێنانی حەشد لەلایەن عەبادییەوە سەرقاڵ كردووە.
گوتیشی "ئێمە ئەم هەموو قوربانیەمان دا، بۆ ئەوەمان نەبووە كەس ناومان بهێنێ، بەڵكو ئێمە لە وەڵامی بانگەوازی مەرجەعی خۆمان راپەڕین و وەك ئەركێكی ئاینی پیرۆز شەڕمان كرد".
عامری ئاماژەی بەوە دا كە حكومەت پابەندە و پابەندیش دەبێ بە بەڵێنەكانی بەرانبەر حەشدی شەعبی، بەڵام پیلانگێڕی زۆریش لە دژی حەشدی شەعبی دەكرێ.
باسنيوز
